پەرلەمانی ئوسترالیا یاسایەکی نوێی پەسەند کرد کە ڕێگە بە حکوومەت دەدات ئەو دامەزراوە حکوومییە دەرەکییانەی پشتیوانیی لە کردەوەی تیرۆریستی دژی ئوسترالیا دەکەن، وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی بناسێنێت. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە حکوومەتی ئوسترالیا چەند ڕاپۆرتێکی لەبارەی ڕۆڵی سوپای پاسدارانی ئێران لە کردەوە تیرۆریستییەکانی نێو خاکی ئوسترالیادا بڵاو کردەوە.
ئەنتۆنی ئالبانیز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا، لە ٢٦ی ئابدا ڕایگەیاندبوو کە دوای سەلماندنی ڕۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لانی کەم دوو هێرشی دژی جوو لە نێو ئوسترالیادا، باڵیۆزی ئێرانیان لە وڵاتەکەیان دەر کردووە و چالاکییەکانی باڵیۆزخانەی ئوسترالیاش لە تاران ڕاگیراوە. هەر ئەو کاتە، ئالبانیز ئاماژەی بەوە دابوو کە وڵاتەکەی دەیەوێت سوپای پاسداران بخاتە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە. پەسەندکردنی ئەم یاسایە، ڕێگە خۆش دەکات بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە و فراوانکردنی چوارچێوەی یاسایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەلایەن دامەزراوە حکوومییە دەرەکییەکانەوە.

