ئەمڕۆ یەکشەممە 2025.11.9، کاتژمێر 7:00ـی بەیانی، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستی پێ کرد و دەرگای بنکەکانی دەنگدان بەڕووی ئەو کەسانە كرایەوە كەفی بەشداری و دەنگدانیان هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان، بە یاوەرى مەڕوان محمەد نەجاڕ، بەرپرسى نووسینگەى هەولێرى کۆمسیونى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان و عمید كامل محمد، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر و عەمید خەسرۆ غازى، بەرێوەبەرى کاروبارى ناوخۆى پارێزگا و عەقید نالی نەوزاد، بەرێوەبەری بەرگری شارستانی هەولێر و ژمارەیەکی تر لە ئەفسەر و پلەداران، سەردانی بنکەیەکی دەنگدانی لە ناو شاری هەولێر کرد.
لە سەردانەکەیدا پارێزگارى هەولێر، دواى ئەوەى بەدواداچوونى بۆ چۆنیەتى بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە کرد و سەردانى چەند وێستگەیەكی دەنگدانى کرد، تەئکیدی لە تەواوی ئامادەکارییەکان کردەوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیشدا وێڕای دەستخۆشی لە نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ، دڵنیاییدا پرۆسەکە بە ئارامی و بێ کێشە و بەسەركەوتووی لەسنووری پارێزگای هەولێر بەڕێوەدەچێت.
ئاشكراشی كرد وەكو حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرچییەکی لە توانادا بووە كراوە، تاکو پرۆسەکە بە ئارامی و دروستی بێ کێشە و گرفت بەڕێوە بچێت.
ئاماژەشی بەوەش دا ، تاکو ئیستە هیچ گرفتێکی وا نەبووە ببێتە هۆی لە کارخستن یاخود دواخستنی پرۆسەکە، پڕۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەچووە و ئامادەکارییەکانیان بە باشی کراوە.
جێگەى باسە، لە کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 2025.11.9، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستی پێ کرد و تاکو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت، لە بازنەی هەولێر ( 111 هەزار و 839 ) دەنگدەری تایبەت هەن، ( 85 هەزار و 793 ) یان خەڵکی ئەو پارێزگایەن. بەوپێیە 26 هەزار و 46 دەنگدەری تایبەت خەڵکی دەرەوەی پارێزگاکەن و لە ( 79 ) بنکە و ( 385 ) وێستگە پڕۆسەکە بەڕێوەدەچێت کە ( 3 ) وێستگەیان تایبەتە بە ئەوانەی دەرەوەی پارێزگای هەولێر . دووسبەیش سێشەممە، 2025.11.11، هەڵبژاردنی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێت.

