گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیسماعیل بەقایی، ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی گەڵاڕێزان (١٠ی تشرینی دووەم)، تۆمەتەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لەبارەی پیلانڕێژیی بۆ تیرۆرکردنی باڵوێزی ئیسرائیل لە مەکسیک لە ساڵی ٢٠٢٤ دا بە “بێ بنەما و گاڵتەجاڕانە” ناو برد و بە “هەوڵێک بۆ تێکدانی پەیوەندییە دۆستانەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی تر”ی زانی. ئەم ڕەتکردنەوەیە پاش ئەوە دێت کە واشنتن و تەلئەبیب تاران تۆمەتبار دەکەن بە پیلانگێڕیی تیرۆریستیی.
پاش خستنەڕووی ئەم تۆمەتە لەلایەن واشنتنەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی، ٧ی تشرینی دووەم، سوپاسی حکوومەتی مەکسیکی کرد بەهۆی “پووچەڵکردنەوەی تۆڕێکی تیرۆریستیی سەر بە ئێران”. بەڵام وەزارەتی دەرەوەی مەکسیک ڕایگەیاندووە کە “هیچ زانیارییەکی لەبارەی پیلانێکی لەو شێوەیە پێنەگەیشتووە” و باڵوێزخانەی ئێران لە مەکسیکیش ئەم بانگەشەیەی بە “درۆیەکی گەورە” وەسف کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاکسیۆس و بە گێڕانەوە لە بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلییەوە، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی نیازی وابووە ئینات کرانتس نایگەر، باڵوێزی ئیسرائیل لە مەکسیک، تیرۆر بکات، بەڵام ئەم پیلانەی هاوینی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی مەکسیکەوە پووچەڵ کراوەتەوە.
بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا هۆشدارییان دابوو کە کۆماری ئیسلامی تۆڕی لە ئەمریکای لاتین دروست کردووە بۆ ئەوەی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سنووربەزێن سوودی لێ وەر بگرێت و ڤەنزوێلاش وەک بنکەیەکی لۆجستیکی بەکار بهێنێت. ناوچەی ئەمریکای لاتین پێشینەیەکی هەیە لە توندوتیژیی پەیوەندیدار بە بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، لەوانە تەقینەوەی ساڵی ١٩٩٤ لە نێو سەنتەری جوولەکەکانی بوێنۆس ئایرێس کە ٨٥ قوربانیی لێ کەوتەوە و حکوومەتەکانی ئەرجەنتین و ئیسرائیل حیزبوڵڵای لوبنانییان تۆمەتبار کرد و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە ئەم گرووپە بە فەرمانی تاران کارەکەی ئەنجام داوە.

