zagros news agency

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری ژمارەیەک پرۆژەی ستراتیژیی بۆ بەهێزکردنی ژێرخان بڵاو کردەوە

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماری چەندین پرۆژەی گرنگی لە بواری ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان خستەڕوو، کە بە ئامانجی پتەوکردنی ئابووری و باشترکردنی ژیانی هاووڵاتییان ئەنجامدراون.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، حکوومەت کاریکردووە لەسەر دروستکردنی 9 بەنداوی نوێ و 81 پۆند، کە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە کۆکردنەوەی سامانی ئاو و ئاسانکاری هاتوچۆ. هاوکات، جێبەجێکردنی 3,287 پرۆژەی شەقام و ڕێگەوبان لە سەرتاسەری هەرێمدا، بەشێکی سەرەکی بووە لە پلانەکانی حکوومەت بۆ پەرەپێدانی کەرتی گواستنەوە.

لە بواری ئاسایشی خۆراکدا، 4 سایلۆ دروستکراون و زیاتر لە 10 پرۆژەی دابینکردنی ئاو جێبەجێکراون، کە ئامانج لێیان پشتگیریکردنی کەرتی کشتوکاڵ و دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە. هەروەها، حکوومەت بایەخی بە کەرتی تایبەت داوە و ژینگەیەکی لەباری بۆ وەبەرهێنان ڕەخساندووە، کە بووەتە هۆی دامەزراندنی 34 هەزار کۆمپانیا، کارگە و خانووی پلاستیکی.

لەسەر ئاستی گۆڕانکاری دیجیتاڵی و بە ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکان، 50 پۆرتاڵ و سیستەمی دیجیتاڵی کاری پێکراوە. یەکێک لە پرۆژە هەرە دیارەکانی ئەم بوارە، پرۆژەی “هەژماری من”، کە تا ئێستا 900,600 فەرمانبەر تێیدا تۆمارکراون. ئەم پرۆژەیە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو شەفافیەت و نوێکردنەوەی سیستەمی بانکی لە هەرێمدا.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندبوو، نزیکەی چوار ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی لە پرۆژەی ڕووناکی سوودمەندبوونە.

وەزارەتەکە ئاماژەشی دابوو، لە چوارچێوەی ئەم هەنگاوەش سەنتەری هەر دوو شاری سۆران و زاخۆ کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین دەکرێت لەڕێگەی پرۆژەی ڕووناکی و ئامادەکارییەکان دەستییان پێکردووە بۆ دابینکردنی کارەبای بەردەوام لە ئیدارەی ڕاپەڕین.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق دەکات

یاسین

ئەستێرەیەکی ڕیاڵ مەدرید لە پێکانەکەی چاکبووە

یاسین

نرخی ئەمڕۆی زێڕ و دراوەكان

سەڵاح