ئەمڕۆ سێشەممە، 11-11-2025، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوای ئەوەی دەنگی دا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: پارتی شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ لایەنەکان جیاواز دەبێت لەو شێوازەی کە پێش هەڵبژاردن ڕایگەیاندبوو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
مەحموود محەممەد ڕاشیگەیاند، خەڵکی کوردستان دەنگیان دابوو بۆ ئەوەی پەرلەمان و حکوومەت پێکبهێنرێت و دەبێت ئومێدی خەڵکی کوردستان بێتە دی. لەبارەی حکوومەتی عێراق ئاماژەی بەوەدا، دەبێت حکوومەتی عێراق دەستوور جێبەجێ بکات کە ماددەی 140 و کۆمەڵێک بابەتی دیکەشی لەخۆ گرتووە و مافی خەڵکی کوردستانە، دەبێت هەموویان بەیەکەوە جێبەجێ بکرێن وچیدیکە قبووڵ ناکەین هەندێک ماددەی دەستووری جێبەجێ بکرێت و هەندێکی جێبەجێ نەکرێت.
مەحموود محەممەد، لەبارەی ئەگەری پێکهێنانی هاوپەیمانی لەنێو پەرلەمانی عێراقدا گوتی: هاوپەیمانی سەخت نابێت ئەگەر عەقلییەتی هەموو لایەنێک بگاتە ئەوەی لەمەودواعێراق تەنیا بە لایەنێکی دیاریکراوی نەتەتەوەیی یاخود مەزهەبی بەڕێوەناچێت، بەڵکوو دەبێت هەموو لایەنە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکان بەیەکەوە عێراق بەڕێوەببەن چونکە ئەزموونی حوکمی تاکلایەنە پێشتر شکستی هێناوە.

