دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق وادەی کۆتاییهاتنی شەپۆلی بارانبارینی دیارکرد و ئاماژەی بەوەدا کە شەپۆلەکە بەیانی یەکشەممە کۆتایی دێت.
عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کەشناسیی عێراقی رایگەیاند: “نوێترین زانیارییەکان کە لە بەشی پێشبینییەکانی کەشوهەوا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداوە گەیشتوونەتە دەست، ئاماژە بە ئاساییبوونەوەی هێواشی باری کەشوهەوا لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا دەکەن کە لە بەشەکانی رۆژئاوای وڵاتەوە دەست پێدەکات.”
روونیشی کردەوە: “کاریگەریی سیستەمە باراناوییەکان بەرەو ناوچە رۆژهەڵاتییەکان کەم دەبێتەوە، لەگەڵ ئەگەری دروستبوونی زریان و هەورەبرووسکە و بارانێکی چڕ لە هەندێک ناوچە لە ماوەی کەمبوونەوەکەدا.”
زیاتر وتی: “کەشوهەوا لەگەڵ دەستپێکی کاتژمێرەکانی شەودا بەتەواوی باشتر دەبێت، بە شێوەیەک دەگۆڕێت بۆ هەور و نیوە هەور.”
ئاماژەی بەوەش کرد: “ئاسایی بوونەوەی کەشوهەوا ناوچەی باکوور ناگرێتەوە کە تێیدا باری بارانبارین تا بەیانی یەکشەممە بەردەوام دەبێت.”

