دادگای تاوانەکانی جەنگ لە داکا، پایتەختی بەنگلادێش، شێخ حەسنا، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەم وڵاتەی بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی تاوانبار ناساند و بە شێوەی غیابی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند. ئەم سزایە لە ١٧ی تشرینی دووەم (٢٦ی گەڵاڕێزان) دەرچوو و پەیوەندیی بە سەرکوتکردنی خوێناوی و کوشندەی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردووی بەنگلادێشەوە هەیە کە بە “شۆڕشی تەمموز” ناسراوە و سەدان خۆپیشاندەری تێدا کوژران.
دەستەی سێ کەسیی دادوەران، شێخ حەسنایان بە ئەنجامدانی تاوانەکانی وەک “کوشتن، جینۆساید، ئەشکەنجەدان و کردەوەی نامرۆڤانە” تۆمەتبار کرد. بە گوتەی یەکێک لە دادوەرەکان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەنگلادێش بە دەرکردنی فەرمانی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێلیکۆپتەر و چەکی کوشندە، “تاوانی دژی مرۆڤایەتی”ی ئەنجام داوە.
شێخ حەسنا مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو لە بەنگلادێشەوە هەڵات بۆ هیندستان. ئەو وێڕای ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان، بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکەی دژی خۆی بە “نمایشێکی سیاسی” ناو برد. دەسەڵاتدارانی هیندستان تا ئێستا داواکارییەکانی بەنگلادێشیان بۆ ڕادەستکردنەوەی شێخ حەسنا پشتگوێ خستووە.

