zagros news agency

ئامانج ڕه‌حیم: تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر حکوومەتی فیدڕاڵ تەنها 280 ملیار دینارە

 

سكرتێری ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمی كوردستان، ڕایگه‌یاند، تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی لە ئێستادا تەنها 280 ملیار دینارە كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ى ته‌نها 30% و ئه‌وى دیكه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم خۆى دابینی ده‌كات و به‌كاش ده‌چێته‌ سه‌ر حسابی وه‌زاره‌تى دارایی عێراق.

ئامانج ڕه‌حیم، سكرتێری ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمی كوردستان، له‌ په‌یجی تایبه‌تى خۆى له‌ (فه‌یسبووك) نووسیویه‌تى: “لە دوای کەوتنەبواری جێبەجێکردنی ڕێکەوتنامەی سێقۆڵی هەناردەی نەوتی هەرێم، لە ئێستادا هەرێم بە داهاتی نەوت و نانەوتی خۆی مانگانە بڕی 665 ملیار دینار بە کاش دەخاتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ”.

به‌پێی ئه‌و ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، بەم شێوەیە هەرێمى كوردستان بە داهاتی خۆی بە ڕێژەی 71% ی تێچووی مووچەی مانگانە دابین دەکات:

١- بە گوێرەی دوا لێدوانی ئەمڕۆی بەڕێوەبەری گشتی نەوتی باکور بڕی 200 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێم لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ دەفرۆشرێت کە داهاتی کاشی مانگانەی فرۆشتنی ئەم بڕە نەوتە (بە نرخی ئەمڕۆی نەوتی برێنت) دەکاتە (545 ملیار) دینار کە داهاتەکەی هەمووی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵە.

٢- بڕی 120 ملیار دیناری دیکەی مانگانە وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بە کاش دەخرێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی عێراق.

خەرجی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ 945 ملیار دینارە.

ئامانج ڕه‌حیم، ڕوونیده‌كاته‌ كه‌ بە لێدەرکردنی داهاتی نەوت و نانەوتی هەرێم کە بە کاش مانگانە دەچێتە سەر حسابی دارایی فیدڕاڵ لە کۆی گشتی تێچووی مووچەی هەرێم، لە ئەنجامدا تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی لە ئێستادا تەنها (280 ملیار) دیناری پێویستە کە بە ڕێژە دەکاتە 30%ی مووچەی مانگانە.

ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه‌ هەرچەندە لە سیستمی ژمێریاریی حکوومی خەرجی بە جیا لە داهات ئەژمار دەکرێت، بەڵام ئەگەر تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەش حساب بکەین کە 16$ ە بۆ یەک بەرمیل، ئەو کات کولفەی مووچەی مانگانەی هەرێم بە بە کولفەی نەوتیشەوە تەنها نزیکەی 400 ملیار لەسەر حکوومەتی فیدڕاڵی دەکەوێت کە دەکاتە ڕێژەی 40% ی مووچەی مانگانە، و ئەو کاتیش هەرێم خۆی ڕێژەی 60% ی مووچەی خۆی لە داهاتی کاشی خۆی دابین کردووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەمریکا ئامادەکاری بۆ جێگیرکردنی هێزەکانی لە بنکەیەکی ئاسمانیی دیمەشق دەکات

سەڵاح

لایەنه کوردییەکانی دیاله گۆڕانکارییه ئیدارییەکانیان رەتکردەوه

یاسین

هەولێر …. نزیكەی ( 16 هەزار ) پارچە زەوی دیكە بەسەر فەرمانبەرانی سنووری قەزایی بنەسڵاوە، و ناحییەكانی دارەتوو، كەسنەزان دابەش كرا

یاسین