zagros news agency

نەتەوە یەکگرتووەکان: ١٦ ملیۆن هاووڵاتیی سووریا پێویستییان بە هاوکاریی مرۆیییە

 

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدار دەدات لەوەی سەرەڕای گۆڕانکارییە سیاسییەکان و ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، دۆخی مرۆیی لە سووریا هێشتا لە ئاستێکی مەترسیداردایە و زیاتر لە ١٦ ملیۆن کەس لەو وڵاتەدا لە دۆخێکی سەختی دارایی و ژیاندا دەژین و پێویستییان بە هاوکاریی بەپەلە هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، شەڕی ١٤ ساڵەی سووریا کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی وڵاتەکە دروست کردووە. نەجات ڕوشدی، نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشدا ڕایگەیاند، ڕێژەی هەژاری گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی و وڵاتەکە لە هەوڵی بنیاتنانەوەی سەردەمێکی نوێدایە.

بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کەمبوونەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان مەترسیی گەورەی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست کردووە. لیزا دۆغتن، بەڕێوەبەری بەشی پشتیوانیی نووسینگەی هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی (OCHA)، ڕوونی کردەوە لاوازیی جووڵەی بازرگانی و کەمبوونەوەی سووتەمەنی، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ناوەندە تەندروستییەکان و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان داناوە. ناوبراو ئاشکرای کرد بودجەی نووسینگەی تایبەت بە سووریا ٢٦٪ دیاری کراوە، بەڵام تا ئێستا تەنیا ١٢٪ی دابین کراوە.

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای گۆڕانکارییەکان لە دەسەڵاتی سووریادا، ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار پەنابەر و ملیۆنێک و ٩٠٠ هەزار ئاوارەی نێوخۆیی گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام بۆ دەستپێکردنەوەی ژیانێکی ئاسایی پێویستییان بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی هەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سوپاسى باڵيۆزى ژاپۆن ده‌كات

سەڵاح

تۆنی کروس؛ هەر کەسێک فیکەی هاندەرانی بۆ لێـنەدرێت یاریزانێکی گەورە نییە

یاسین

پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی (٥٤)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

یاسین