وەزارەتی پلاندانانی عێراق، دابەزینی رێژەکانی هەڵئاوسانی مانگانە و ساڵانەی لە ماوەی مانگی تشرینی یەکەم راگەیاند.
عەبدولزەهرە ئەلهینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند: “دەستەی ئامار و سیستەمی زانیاریی جوگرافیای، لەڕێگەی تیمە مەیدانییەکانییەوە کە چاودێری نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان دەکەن لە سەرجەم پارێزگاکاندا، دابەزینی ڕێژەی هەڵئاوسانی مانگانەیان بەڕێژەی 0.3٪ تۆمار کردووە بە بەراورد بە مانگی ئەیلوول. هەڵئاوسانی ساڵانەش دابەزینێکی بەڕێژەی 0.5٪ تۆمار کردووە لە مانگی تشرینی یەکەمدا، بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو.”
هینداوی روونی کردەوە: “دابەزینی هەڵئاوسانەکە بەشێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی نرخی خۆراک و خواردنەوەکان بەڕێژەی 0.5٪.”
هینداوی گوتی: “بەشی نیشتەجێبوون دابەزینێکی بەڕێژەی 1٪ تۆمار کردووە. نرخی ژمارەیەک بەش گۆڕانکارییەکی کەمیان بەخۆوە بینیوە، لە کاتێکدا بەشەکانی تر رێژەکانی پێشووی خۆیان پاراستووە.”

