رەحیم ئەلعەبوودی، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی، وردەکاریی کۆبوونەوەی دوێنێ دووشەممەی سەرکردەکانی ئیتیلافەکەی ئاشکرا کرد کە لە ماڵی نووری مالیکی بەڕێوەچوو.
ئەلعەبوودی بە شهفهق نیوزی راگەیاند، “کۆبوونەوەکە تیشکی خستە سەر پێویستیی لەخۆگرتنی مارک ساڤایا، نێردراوی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق، و گەڕاندنەوەی هاوسەنگی و کۆنترۆڵکردنی لێدوان و هەڵوێستە میدیاییەکان، هەروەها سەلماندنی ئەوەی کە ئیتیلافەکە خاوەنی یەکەم و کۆتا بڕیارە سەبارەت بە پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، بەتایبەتی پرسی دیارکردنی سەرۆک وەزیران.
ئەلعەبوودی جەختی کردەوە کە “چوارچێوەی هەماهەنگی گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر دۆسیە سیاسی و ئەمنییە جیاوازەکان، هەروەها بایکۆتکردنی حکوومەتی داهاتوو لەلایەن لایەنە سیاسییە کاریگەرەکان و کاریگەرییەکانیان، لەبەرچاو دەگرێت.”
گوتی، “کۆبوونەوەکە تاوتوێی دۆسیەی ئەمنی، بەتایبەتی هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، دەرهاویشتە ئەمنی و ئابوورییەکانی، دەستوەردانە نێودەوڵەتییەکان لەم دۆسیەیەدا، ئەجێندای دۆزراوە و چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوەی روویداوە و ئەو رێوشوێنانەی لە داهاتوودا دەگیرێنەبەر، کرد.”
ئەلعەبوودی روونیکردەوە: “چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەکەیدا جەختی کردەوە لەسەر چارەسەرکردنی ئەم پێشێلکارییانە و رێگەنەدان بە دووبارەبوونەوەیان بە هیچ شێوەیەک و لێپێچینەوە لەو لایەنانەی لە پشت ئەم هێرشانەوەن، بەبێ گوێدانە سەرچاوە یان بوونی هەر جۆرە داڵدەدانێکی سیاسی یان هەرێمی بۆیان، ئاماژەی بەوەشکرد کە سەرکردەکانی ئیتیلافەکە بەوردی بەدواداچوون بۆ ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکان دەکەن، لەگەڵ پێشبینیکردنی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی نزیک بۆ ئاشکراکردنی لایەنە تێوەگلاوەکان.”

