zagros news agency

حەمدی شنگالی: پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان پێگەی پارتییان لە دانوستانەکاندا بەهێزتر کردووە

 

جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ ڕایدەگەیەنێت، ئەنجامی کۆتا هەڵبژاردن سەنگی ڕاستەقینە و کاریگەریی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا دەرخست، کە ئەمەش بەرهەمی ئەو خزمەتگوزاری و پڕۆژانە بووە کە لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجام دراون.

ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، حەمدی شنگالی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ بە ئاژانسی “بەغداد ئەلیەوم”ـی ڕاگەیاند، “حکومەتی هەرێم بەتایبەت لە سێ مانگی کۆتاییدا، بازدانێکی ڕوونی بەخۆیەوە بینیوە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا کە جێگەی بایەخی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بوون.”

شنگالی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو دەستکەوتانە ڕەنگدانەوەی ئەرێنییان هەبووە لەسەر وێنەی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەهێزکردنی پێگەکەی لە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوودا، ئەمەش وایکردووە بە متمانەیەکی زیاترەوە دیدگا و تێڕوانینەکانی خۆی بخاتە ڕوو.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو سیاسەتمەدارە جەختی کردەوە کە شەقامی کوردی بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی لەدایکبوونی حکوومەتی نوێ دەکات لە زووترین کاتدا. هاوکات هۆشداریدا لەوەی کە بەردەوامیی نەبوونی لێکتێگەیشتن لەنێوان هێزە سەرەکییەکان، دیمەنەکە ئاڵۆزتر دەکات و دەرفەتی گرنگ لەبەردەم هەرێمدا دەفەوتێنێت، لەکاتێکدا گەڕانەوەی کۆدەنگی و هەماهەنگی دەبێتە هۆی گەڕانەوەی متمانە بۆ هاووڵاتییان.

سەبارەت بە پەیوەندی نێوان لایەنەکان، شنگالی گوتی: “ئەزموونی سیاسی لە کوردستان ئەوەی سەلماندووە کە سەقامگیریی پرۆسەی سیاسی بەستراوەتەوە بە لێکتێگەیشتنی نێوان دوو حزبە سەرەکییەکە”.

ڕوونیشیکردەوە کە هەر دوورکەوتنەوەیەک لەنێوان پارتی و یەکێتی، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دەبێت، لە بەرامبەردا نزیکبوونەوەیان زەمینەیەکی بەهێز دروست دەکات بۆ پاراستنی مافەکانی کورد و بەهێزکردنی یەکڕیزیی بڕیار لە ناوخۆی هەرێمدا.

هەواڵی پەیوەندیدار

تومەتبارەکێ ب دەسترێژیا گولەیان خوشکا خو کوشت

دڵشاد

پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی

دڵشاد

نرخی زێڕ دابەزی و ئۆنسەیەک بە 3354 دولارە

سەڵاح