بەپێی نوێترین داتاکانی ماڵپەڕی جیهانیی (SimilarWeb)، ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (gov.krd) پێشکەوتنێکی بەرچاوی تۆمار کردووە و لەسەر ئاستی عێراق لە بەشی “هەواڵ و میدیا” پلەی دووەمی مسۆگەر کردووە.
بەگوێرەی شیکارییە داتاییەکان، ئەم پێشکەوتنەی ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەت دەرخەری گۆڕانکارییەکی ڕیشەییە لە شێوازی پەیوەندی و متمانەی نێوان هاووڵاتییان و حکوومەت، بەجۆرێک (go.krd) توانیویەتی وەک سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو بۆ هەواڵ، زانیاری و داتا فەرمییەکان خۆی لە ناوەندی میدیایی و لای هاووڵاتییان جێگیر بکات.
بەرزبوونەوەی ڕێژەی سەردانیکردن بۆ ئەم پێگەیە، پەیوەندی بەوەوە هەیە کە هاووڵاتییان و میدیاکاران بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕاستیی هەواڵ و بڕیارەکان، وەک مەرجەعێکی سەرەکی دەگەڕێنەوە بۆ پێگەی فەرمیی حکوومەت، چ لە ڕێگەی گەڕانی راستەوخۆ یان لە ڕێگەی ئەو لینک و زانیارییانەی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاو دەکرێنەوە.
لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا، هەنگاوی پراکتیکی بۆ یەکخستنی گوتار و سەکۆی میدیایی حکوومەت نراوە، بەو پێیەی لە ئێستادا ماڵپەڕی سەرجەم وەزارەت، فەرمانگە و دەستە سەربەخۆکان لەژێر چەتری (gov.krd) کۆکراونەتەوە و لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیارییەوە بەڕێوە دەبرێن، ئەمەش وایکردووە ببێتە سەکۆیەکی میدیایی یەکگرتوو و دەوڵەمەند.
پێگەی فەرمیی حکومەت بە شێوەیەکی ڕۆژانە و بەردەوام ناوەڕۆکەکانی بە زمانەکانی (کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی) بڵاو دەکاتەوە، جگە لە بڵاوکردنەوەی بڕیار و چالاکییەکانی دامودەزگاکان، بەشێکی تایبەتی بۆ “خزمەت و ڕێنماییەکان” تەرخان کردووە، کە کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان دەکات بۆ ڕاپەڕاندنی مامەڵەکانیان.
ئەم پۆلێنکردنەی (SimilarWeb) بەڵگەیەکی ڕوونە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی گۆڕانی دیجیتاڵیدا هەنگاوی گەورەی بڕیوە و توانیویەتی پردێکی پەیوەندیی متمانەپێکراو لەگەڵ هاووڵاتییان، توێژەران و ناوەندە میدیاییەکان دروست بکات.

