zagros news agency

سوپای لوبنان ٣٨ هاووڵاتی سووریایی لە دەڤەری بقاع دەستگیر دەکات

 

ڕۆژی دووشەممە، پانزدەی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، سوپای لوبنان ڕایگەیاند ٣٨ هاووڵاتیی سووریایی لە دەڤەری بقاع و بەدرێژایی سنووری لوبنان-سووریا دەستگیر کردوون. ئەم دەستگیرکردنانە بەشێک بوون لە زنجیرەیەک هەڵـمەتی ئەمنیی تایبەت، کە یەکە سەربازییەکانی سوپا بە پاڵپشتیی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری لە دەڤەری سنووریی بقاع، لە نێوان لوبنان و سووریادا، ئەنجامیان دان. هەڵمەتەکە ماڵ و کەمپەکانی پەنابەرانی سوورییەیان کردە ئامانج.

بەگوێرەی ڕاگەیاندنی سوپای لوبنان، ٣٦ پەنابەری سووریایی لە دەڤەری غەزا لە ڕۆژئاوای بقاع دەستگیر کران، چونکە هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمییان پێنەبوو و بە شێوەیەکی نایاسایی لە نێو خاکی لوبناندا دەجووڵانەوە. هەروەها، دوو کەسی دیکەش لە کەمپی “تەلیا” لە نزیک بەعلبەک دەستگیر کران، کە بە قاچاغی هاتبوونە نێو لوبنانەوە. سوپای لوبنان گوتوویە، دوو تفەنگیشی لەلای دەستگیرکراوەکان دەست بەسەردا گرتووە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بە سەرپەرشتیی دەسەڵاتی دادوەریی پەیوەندیدار دەستی پێ کردووە.

لەم دەڤەرەدا، ژمارەیەکی زۆر پەنابەری سووریایی نیشتەجێن. بەگوێرەی نوێترین ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی لوبنان، نزیکەی یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار پەنابەری سووریایی لە لوبناندا دەژین، کە ٨٨٠ هەزاریان لەلایەن کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) تۆمار کراون. لوبنان یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین ژمارەی پەنابەرانی بەپێی ژمارەی دانیشتوانەکەی لە خۆ گرتووە.

هاوکات، حەنین سەید، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیی لوبنان، لە ڕۆژی ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ ڕایگەیاند، نزیکەی ٣٨٠ هەزار پەنابەری سووریایی لە مانگی تەممووزی ٢٠٢٥ەوە تا ئێستا بەپێی پلانی گەڕانەوەی ئارام، گەڕاونەتەوە بۆ سووریا. گوتیشی، ٧٤ هەزاری دیکە ویستی خۆیان بۆ گەڕانەوە تا کۆتایی ئەمساڵ دەربڕیوە. ئەوانەی گەڕاونەتەوە، لە بنکەداتای UNHCR بەتەواوەتی سڕاونەتەوە. پرۆگرامی گەڕانەوەی خۆبەخشانە لە مانگی تەممووزی ٢٠٢٥ دەستی پێ کردووە، کە هاوکاریی ١٠٠ دۆلاری و لێخۆشبوون لە غەرامەی مانەوەی نایاسایی بۆ پەنابەران دابین دەکات. شایانی ئاماژە پێ کردنە، کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە مانگی ئایاری ٢٠١٥ەوە تۆمارکردنی پەنابەرانی نوێی ڕاگرتووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

لەسەرەتای مانگەوە تەنها کار بە کارتی نیشتمانی دەکرێت

یاسین

فەرماندەی بەرگریی ئاسمانی: سیستەمێکی پێشکەوتوو ساڵی داهاتوو دەگاتە عێراق

سەڵاح

سەرۆك نێچيرڤان بارزانى سه‌ره‌خۆشى له‌ خانەوادەی خوالێخۆشبوو قەنجۆ ڕێكانی دەكات

سەڵاح