مەسعوود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، ڕای گەیاند مەرجەکانی ئەمریکا بۆ دانوستان قبووڵ ناکەن و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بەدوای دروستکردنی چەکی ئەتۆمییەوە نییە و ئامادەیە ئەمە بسەلمێنێت. سەرۆککۆمار دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا دەیەوێت هەموو پێوەرەکانی هێزی ئێران لێ وەر بگرێتەوە و لە بەرانبەر ئیسرائیلدا لاوازیان بکات، کە ئەمەی بە “سەرشۆڕی” ناو برد و گوتی قبووڵی ناکەن.
پزشکیان ئاماژەی بەوە کرد پێشتر وڵاتەکەی ئامادەی دانوستانە، بەڵام ئەمریکا بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕێککەوتنەکەی هەڵوەشاندووەتەوە. سەرەڕای ئەوەی تاران خوازیاری ئاشتییە، بەڵام دانوستان بەو مەرجانە قبووڵ ناکەن.
ئەمریکا بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران چەند مەرجێکی سەرەکی خستووەتە ڕوو، لەوانە ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم، سنووردارکردنی توانای مووشەکی و چەند مەرجێکی دیکە. ئەم مەرجانە بەشێکن لە ستراتیژی گشتی ئەمریکا بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی پرۆگرامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران، کە لە دوای کشانەوەی واشنتۆن لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA) لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە چڕتر بووەتەوە.

