نێردەی تایبەتیی سەرۆكی ئەمەریكا لە عێراق رای دەگەیەنێت كە عێراق تەنیا دوو ڕێگەی لەبەردەم دایە، یان سەروەریی یاسا و خۆشگوزەرانی هەڵدەبژێرێت، یانیش هەڵوەشانەوە و ناسەقامگیریی ئەمنی.
مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتیی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ عێراق، لە لێدوانێكی نووسراودا كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ی ١٢ی ٢٠٢٥ بڵاوی كردەوە، ئاماژەی بەوە كرد: ”ئەو دەنگوباسانەی کە باس لە چەکدانانی هەندێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەكەن، پێشهاتێکی پێشوازی لێکراو و هاندەرە. ئەمەش وەڵامێکی ئەرێنییە بۆ بانگەواز و خواستە بەردەوامەکانی دەسەڵاتدارانی ئایینی و زانا و سەرکردەكان.“
هاوكات ئەوەشی خستووەتە ڕوو كە ”بە تەنها لێدوانەکان بەس نین. داماڵینی چەک دەبێت هەمەلایەنە بێت و گەڕانەوەی تێدا نەبێت و لە چوارچێوەیەکی نیشتمانیی ڕوون و پابەندکەردا جێبەجێ بکرێت. هەروەها هەڵوەشاندنەوەی تەواوی هێزە چەكدارەكان لە خۆ بگرێت و چەكدارەكانیشیان بە شێوەیەكی ڕێكوپێك بگەڕێنەوە سەر ژیانی سڤیلی خۆیان.“
ساڤایا ئاماژەی بەوەش داوە كە بەپێی دەستووری عێراق و یاساكانی دەوڵەت، هیچ لایەن و ڕێکخراو و تاکێکی سیاسی مافی خاوەندارێتی یان بەڕێوەبردنی هێزی چەکداری لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نییە، ئەم پرەنسیپە بەبێ جیاوازی لە سەرتاسەری عێراقدا جێبەجێ دەکرێت. دەسەڵاتی تایبەت بە هەڵگرتنی چەک و بەکارهێنانی هێز دەبێت تەنها لای ئەو دامەزراوانە بێت كە بە یاسا ئەركی ڕێکخستن و فەرماندەیی و بەڕێوەبردنی هێزی چەكداریان پێ سپێردراوە.
لە كۆتاییشدا نێردەی ترەمپ بۆ عێراق ئاماژەی بەوە داوە كە عێراق لە دووڕیانێكی گرنگدا و لە بەردەم دوو ئەگەردا وەستاوە، یان لەسەر ڕێگەی سەروەری، سەقامگیری، خۆشگوزەرانی، یەكگرتوویی و سەروەریی یاسا بەرەوپێش دەچێت، یانیش لە بازنەی هەڵوەشانەوە و ناسەقامگیریدا گیر دەخوات، چونكە گرووپە چەكدارە نایاساییەكان سەرچاوەكانی دەوڵەتی عێراق بۆ بەرژەوەندیی كەسی و ئەجێندای دەرەكی دەقۆزنەوە كە ئەمەش دەسەڵاتی دەوڵەت تێك دەدات.
ئەمە لە كاتێكدایە كە لە چەند رۆژی رابردوودا پاش ئەوەی دەنگۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر میلیشیاكانی عێراق زیاتر بوو، باس لەوە دەكرێت كە زۆربەی میلیشیا چەكدارەكانی نێو حەشدی شەعبی، بەوانەی كە ناویان لە خۆیان ناوە (بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی) و سەر بە ئێرانن، ئامادەییان بۆ چەكدانان دەربڕیوە.

