عێراق بە کۆمەڵێک قەیرانی گەورەی ئابوورییەوە پێ دەنێتە نێو ساڵی نوێوە و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڕاپۆرتەکانیاندا لەسەر ئابووریی عێراق نەخشەیەکی نیگەرانکەر دەخەنە ڕوو کە تیایدا عێراق لەبەردەم چەندین قەیران و مەترسی و ئاڵنگارییدایە.
یەکێک لەو ئاڵنگارییانەی بەرۆکی ئابووریی عێراقی گرتووە، کورتهێنانی بودجەیە، بەهۆی ئەوەی کە عێراق هێشتا بەتەواوی پشت بە نەوت دەبەستێت و داهاتی دەوڵەت بە شێوەیەکی مەترسیدار بەستراوەتەوە بە بازاڕی نەوت کە زۆر ناجێگیرە. بۆیە هەر گۆڕانکارییەک لە نرخی نەوت، یان بڕی بەرهەمهێنان، دەتوانێت خێرا وڵاتەکە بباتە دۆخێکی زۆر سەختەوە.
عێراق لە بودجەدا نرخی نەوتی بە ٦٠ تا ٧٠ دۆلار جێگیر کردووە، ئەگەر نرخی نەوت دابەزێت بۆ ٤٠-٥٠ دۆلار لە ٢٠٢٦دا، ئەوا عێراق ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی گەورە دەبێتەوە کە کاریگەریی لەسەر چەندین نەوەی داهاتوو دەبێت.
هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، شێوەی خەرجکردنی دەوڵەت کێشەیەکی گەورەیە، زۆربەی داهاتەکان دەچنە سەر مووچە، لە کاتێکدا وەبەرهێنان زۆر کەمە و ناتوانێت شێوەی ئابووری بگۆڕێت. ئەمەش واتا دەوڵەت توانای بەرگریی کەمی هەیە، ئەگەر دابەزین لە نرخی نەوت، یان ڕووداوێکی لەناکاو ڕوو بدات، ئەوە وڵاتەکە دەکەوێتە قەیرانی گەورەوە.
ڕاپۆرتەکان ئەوەشیان خستووەتە ڕوو، کەرتی نانەوتیی عێراق خاوتر لە توانای خۆی جووڵە دەکات. ساڵانی جێگیریی ڕێژەیی نەیانتوانیوە بگۆڕێن بە گەشەیەکی خێرا و بەردەوام.
کەرتی تایبەت هێشتا بەستراوەتەوە بە کێشەی چەندین ساڵە: بیۆکراسی، کەمیی دارایی، کێبڕکێی لاواز، سیاسەتی ناجێگیر و دەسەڵاتی زۆری دەوڵەت لەسەر بەشە ئابوورییەکان.
یەکێک لە گرنگترین خاڵەکان لە ڕاپۆرتەکاندا ئەوەیە کە سیستمی دارایی ڕۆڵی تەواوی خۆی ناگێڕێت بۆ جووڵاندنی ئابووری. کاتێک قەرز بۆ کەرتی تایبەت سنووردار بێت، کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان دەکەونە دۆخێکی سەختەوە لەنێوان تێچووی کارکردن و سەختیی گەیشتن بە دارایی.
لە لایەکی دیکەوە، ئاو و کەشوهەوا بووە بە مەترسییەکی دیکەی ئابووری. لە 2025دا پرسی ئاو لە بابەتێکی ژینگەیی بووە بە بابەتێکی ئابووری. کەمی ئاو و دواکەوتنی کشتوکاڵ و کۆچکردنی ناوخۆیی و فشار دەخاتە سەر شارەکان و خزمەتگوزارییەکان و بازاڕی کار.
عێراق لە قۆناغێکی ئابووریی پڕ لە قەیراندا درێژە بە بوونی خۆی دەدات. هەروەک دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدەن، بەردەوامبوون لەسەر هەمان سیاسەتەکان واتای ئەوەیە، قەیرانەکە قووڵتر دەبێتەوە و باجەکەی نەوەی داهاتوو دەیدەن.

