دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند کە لە ماوەی ڕابردوودا 10 ڕاپۆرت لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ و ئەدای حکوومەتی هەرێم بڵاوکراونەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا بەشداریی لە سەرجەم کۆنگرە جیهانییەکاندا کردووە، ئەمەش وای کردووە حکوومەت پلانێکی نوێ بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دابڕێژێت؛ بەتایبەت دوای ئەوەی لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی 263 داواکاری ئاراستەی عێراق کراوە و بڕیار دراوە 183 ڕاسپاردەیان جێبەجێ بکرێن، کە لەمڕۆوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە ناوخۆیی و جیهانییەکان کار لەسەر داڕشتنی ئەو پلانە دەکرێت.
لەبارەی ئازادیی ڕاگەیاندن و دەستگەیشتن بە زانیاری، زێباری ئاشکرای کرد کە لە 4 ساڵی ڕابردوودا ڕێکاری نوێ گیراونەتە بەر و ئێستا لە هەرێمی کوردستان 3400 ڕۆژنامەنووسی چالاک هەن، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن کارایە و ئێستا سەدان دۆسیە لەو چوارچێوەیەدا لە دادگاکانن.
سەبارەت بە دۆسیەی تیرۆر و داعش، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند کە 1200 دۆسیەی تیرۆریان هەیە کە تایبەتن بە سەرانی داعش، لەو ژمارەیەش 600 تیرۆریست بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە بەڵام ئێستا بۆ هەتاهەتایی بەند کراون. گوتیشی لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ دادگاییکردنی سەرانی داعش و تا ئێستا 400,000 لاپەڕە لەبارەی دۆسیەکانی داعش ئامادە کراون و زیاتر لە 500 گیگابایت زانیاری ئەلیکترۆنی ڕادەستی حکوومەتی عێراق کراوە. لە لایەکی دیکەوە، باسی لە دۆسیەی ماددە هۆشبەرەکان کرد و گوتی 4600 سزادراو و ڕاگیراو هەن، کە 60%یان تۆمەتباری بازرگانیکردنن بە ماددەی هۆشبەر.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، دیندار زێباری تیشکی خستە سەر بارودۆخی مرۆیی و گەشەپێدان و گوتی لە ئێستادا 800,000 پەنابەر لە هەرێمی کوردستانن و ڕێککەوتنی شنگالیش بەهۆی چەندین هۆکارەوە هێشتا وەک پێویست جێبەجێ نەکراوە. لە ڕووی ئابووری و گەشەپێدانیشەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە 90,000 کرێکاری بیانی و سەدان هەزار کرێکاری خۆماڵی لە هەرێمدا کار دەکەن، هەروەها 4800 کارگەی بەرهەمهێنان لە ئێستادا لە کاردان.

