پەرلەمانی جەزائیر، بەكۆی دەنگ بڕیاریاندا فەڕەنسا ناچار بكەن قەرەبووی ماددی و مەعنەوی وڵاتەكەیان بكاتەوە، لەبەرامبەر ئەو داگیركاریی و كۆمەڵكوژییەی ئەنجامیان داوە، داواش دەكەن فەڕەنسا بەفەرمی داوای لێبوردنیان لێ بكات.
بەهۆی ئەو بڕیارەی لەناو پەرلەمانی جەزائیر دەرچووە، ئەگەر زۆرە پەیوەندی نێوان فەڕەنسا و جەزائیر بەرەو كاڵبوونەوەی زیاتر بڕوات. ٦٣ ساڵ بەر لە ئێستا جەزائیر توانی سەربەخۆیی خۆی وەربگرێت و لەوكاتەوە نێوانی لەگەڵ فەڕەنسا باش نییە.
لە ١٨٣٠ تا ١٩٦٢، جەزائیر لەژێر داگیركاری فەڕەنسا بووە، لەو ماوەیەدا چەندین كۆمەڵكوژی ئەنجام داوە و هەروەها لە شەڕێكی سەختدا بووە لەگەڵ جەزائیرییەكان، ئەمەش بەگوێرەی ئەو مێژووەی هەردوو وڵات لە میدیاكانی خۆیانەوە باسی دەكەن. وەكوو ئەوەی جەزائیر باسی دەكات، لەو ماوەیەدا یەك ملیۆن و ٥٠٠ هەزار كەس گیانی لەدەست داوە، بەڵام فەڕەنسا ئەو ژمارەیە ڕەت دەكاتەوە و دەڵێت ڕێژەكەی زۆر كەمترە.
ئاژانسی (AFP) فەڕەنسی بڵاوی كردوەتەوە، لەناو ئەو پرۆژە یاسایەی لەناو پەرلەمانی جەزائیر دەنگی لەسەر دراوە، باس لەوە كراوە، دەبێت فەڕەنسا لەپای ئەو داگیركارییەدا قەرەبووی ماددی و مەعنەوی وڵاتەكەیان بكاتەوە، بەڵام تاوەكوو ئێستا فەڕەنسا وەڵامی ئەو پڕۆژە یاسایەی نەداوەتەوە.
باسیان لەوەش كردووە، ئەورووپا لەكاتی داگیركاریدا چەندین شوێنەواری دزیوە و ئێستا لەناو مۆزەخانەكانی خۆیاندا بوونی هەیە، دەبێت هەموو ئەو شوێنەوارانەی جەزائیر كە بردراوە بگێڕدرێتەوە بۆ وڵات.
لە مانگی رابردوودا، جەزائیر میوانداری وڵاتانی ئەفریقای كرد و كۆنفڕانسێكی بەناوی (عەدالەت و قەرەبوو) ئەنجامدا و لەوێدا باسیان لەوە كرد، هەموو ئەو وڵاتانەی وڵاتی تریان داگیر كردووە، دەبێت لەڕووی مادی و مەعنەوی قەرەبوو بكرێنەوە و وڵاتانی ئەفریقیاش پشتگیریی ئەو داواكارییەیان كرد و پێیان باش بوو.
ئەحمەد عەتاف، وەزیری دەرەوەی جەزائیر، لەبارەی ئەو پرۆژە یاسایەی دەنگی لەسەر درا دەڵێت: ”لەچوارچێوەی یاسادا، گێڕانەوەی قەرەبووی ماددی و مەعنەوی نە دیارییە و نە لوتفیشە، ئەمە مافی گەلی جەزائیرە.“
سارتەر، نووسەری دیاری فەڕەنسا، یەكێك بوو لەو نووسەرانەی دژی سیاسەتی وڵاتی فەڕەنسا بووە بەرامبەر بەداگیركاری جەزائیر و چەندینجار بەنووسین و خۆپیشاندان دژی فەڕەنسا وەستاوەتەوە، بۆیە چەندین جار دادگایی كراوە و تەنانەت پێشنار كراوە، بۆ هەتا هەتایە زیندانی بكرێت، بەڵام سەرۆكی ئەوكاتی فەڕەنسا ڕەتی كردووەتەوە سارتەر دەستگیر بكرێت، ئەمەش دەیسەلمێنێت، كە بەشێكی نووسەران و رۆشنبیرانی فەڕەنسا لەگەڵ داگیركاری نەبوونە.

