روانگەی “ئیکۆ عێراق” رایگەیاند کە کۆی گشتی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٥دا گەیشتووەتە نزیکەی ملیارێک و نیو بەرمیل، ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەرهەمهێنان بەڕێژەی ٣.٨٪ بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمی کردووە.
ئیکۆ عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ماوەی ئەمساڵدا نزیکەی ١,٤٧٠,٣٢١,٠٠٠ بەرمیل نەوت لە عێراق دەرهێنراوە، روونیشی کردووەتەوە کە مانگەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنانیان هەبووە بەهۆی بڕیارەکەی ئۆپیک بۆ زیادکردنی پشکی وڵاتەکە.
ئاستی بەرهەمهێنانی ساڵەکە بەپێی وەرزەکان بەم شێوەیە بووە:
وەرزەی یەکەم: ٣٥٦,١٣٠,٠٠٠ بەرمیل
وەرزی دووەم: ٣٦٣,٥٤٥,٠٠٠ بەرمیل
وەرزی سێیەم: ٣٧٣,٨٨٨,٠٠٠ بەرمیل
وەرزی چوارەم: ٣٧٦,٧٥٨,٠٠٠ بەرمیل
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە تێکڕای بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی خاو لە ساڵی ٢٠٢٥دا ٤.٠٣ ملیۆن بەرمیل بووە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٤دا ٤.١٩ ملیۆن بەرمیل و لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٤.٢٨ ملیۆن بەرمیل بووە.
ئیکۆ عێراق جەختی کردەوە کە پشتبەستنی زۆری عێراق بە نەوت وەک سەرچاوەی سەرەکی داهات، لە ئەگەری بەردەوامی دابەزینی نرخەکەیدا وڵاتەکە ڕووبەڕووی مەترسی دارایی گەورە دەکاتەوە؛ هەر بۆیە داوای هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و گرتنەبەری ستراتیژی ئابووری بەردەوام دەکات بۆ رێگریکردن لە هەر قەیرانێکی داهاتوو.

