سەرۆکی هاوپەیمانی “عەزم”، موسەننا سامەڕایی، بە فەرمی خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاند، بەمەش ڕکابەرییەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەیبەت حەلبووسی دروست دەکات کە بە پاڵپشتی لایەنە سەرەکییەکانی ناو پێکهاتەی سوننە کاندید کراوە.
کاندیدکردنی هەیبەت حەلبووسی لەلایەن سەرکردەی هاوپەیمانیی سیادە، خەمیس خەنجەر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیەندرا و ڕوونی کردەوە کە ئەم کاندیدکردنە پاڵپشتی هاوپەیمانیی سیادە، پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی، هاوپەیمانیی حەسم، بە سەرۆکایەتی سابت عەباسی و هاوپەیمانیی جەماوەری نیشتمانی بە سەرۆکایەتی ئەحمەد جبووری بەدەست هێناوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ پشتیوانییەکی بەهێزی پێکهاتەی سوننی.
لە بەرامبەردا، موسەننا سامەڕایی کە یەکێکە لە ئەندامە دیارەکانی ئەنجومەنی سیاسی هێزە سوننییەکان ، تێبینی لەسەر ئەم کاندیدکردنە هەیە.
سامەڕایی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە “ئەنجومەنی سیاسی لەسەر بنەمای ڕێککەوتن و سازانی هەموو قەوارەکانی پێکهاتووە،” و ئاشکراشی کرد، کاندیدکردنی هەیبەت حەلبووسی “نوێنەرایەتی ویستی ئەنجومەنەکە ناکات” و تەنها نوێنەرایەتی هەندێک پارتی ناو ئەنجومەنەکە دەکات نەک خودی ئەنجومەنی سیاسی.
بڕیارە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەمی خۆی لە نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ئەنجام بدات، کە تێیدا سوێندی دەستووری دەخوێندرێت و سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی هەڵدەبژێردرێن. بەپێی نەریتە سیاسییەکانی عێراق دوای 2003، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی سوننە، جێگری یەکەم بۆ پێکهاتەی شیعە و جێگری دووەمیش بۆ پێکهاتەی کورد تەرخان کراوە.
کاندیدە سەرەکیەکان: موسەننا سامەڕایی و هەیبەت حەلبووسین.

