ئیسرائیل چالاکیی 37 ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی یارمەتیدەری لە غەززە قەدەغە کرد. ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند چالاکیی 37 ڕێکخراوی گەورەی نێودەوڵەتیی یارمەتیدەری لە کەرتی غەززە قەدەغە دەکات و هۆکاری ئەم کارەش بە ڕەتکردنەوەی ئەو دامەزراوانە بۆ پێشکەشکردنی لیستی ناوی کارمەندە فەلەستینییەکانیان، بە گوێرەی یاسایەکی نوێ، دانا.
وەزارەتی “کاروباری جوولەکەی دەرەوەی وڵات و بەرەنگاربوونەوەی دژە جوولەکایەتی”ـی ئیسرائیل بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند، مۆڵەتی ئەو ڕێکخراوانەی “مەرجەکانی ئاسایش و شەفافییەتیان” ڕەچاو نەکردووە، هەڵدەپەسێرێت. بە گوتەی ئەم وەزارەتە، “کێشەی سەرەکی” بریتییە لە ڕەتکردنەوەی ئەو ڕێکخراوانە لە پێشکەشکردنی زانیاریی تەواو و پشتڕاستکراوە لەبارەی کارمەندەکانیانەوە. مەرجێک کە بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیلی، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە نفووزی “توخمە تیرۆریستییەکان” بۆ ناو دامەزراوە مرۆییەکان دانراوە.
یاسا نوێیەکەی ئیسرائیل نیگەرانییەکانی لەبارەی هێواشبوونەوەی دووبارەی پرۆسەی گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بە کەرتی غەززە زیاد کردووە. لە ڕۆژانی ڕابردوودا و بە نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی وادەی پابەندبوونی ڕێکخراوە ناحکوومەتییە نێودەوڵەتییەکان بەم مەرجانەوە، ڕەخنە نێودەوڵەتییەکان لە ئیسرائیل توندتر بوونەتەوە. یەکێتیی ئەورووپا داوای لابردنی “بەربەستەکانی” لەسەر ڕێگەی ناردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە کرد و کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گوت، “وەستاندنی بێبەرهەم لەم جۆرە، دۆخی لە پێشەوە خراپی دانیشتووانی غەززە خراپتر دەکات.” ئیسرائیل لە ساڵی 2024دا چالاکیی ئاژانسی یارمەتیدان و کارپەیداکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستینی (ئۆنروا)ـی قەدەغە کرد و هەندێک لە کارمەندانی ئەم دامەزراوەیەی بە بەشداریکردن لە هێرشی حەوتی ئۆکتۆبەر تۆمەتبار کرد.

