پارێزگاری ههولێر ئاماژه بهوه دهكات كه بەپێی ئەو بەرنامە و ئامادەکاری و پلانانەی بۆ پێشوازیکردن لە سەرى ساڵى نوێ لەلایەن پارێزگای هەولێر لە 2025.12.25، تاوەکو 2026.1.1، ئامادەکرابوو، سەرجەم ڕێکار و ئامادەکارییەکان وەک چۆن داڕێژرابوو لە پێناو ئارامی و ئاسایشی شار و پاراستنی سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان بەسەرکەوتوویی و وەکو خۆى و بەبێ هیچ گیر و گرفتێک جێبەجێ کرا.
ئومێد خۆشناو بۆ زاگرۆس گوتی: “لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر لە سنووری پارێزگای هەولێر، چەندین لێژنەی تایبەت پێکهێنرا بە مەبەستی چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ بنکە و ناوچە گەشتیارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە ڕووی گەشتیاران و پێکهێنانی لیژنەى تایبەت بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران لە بازگەکانی دەروازەکانی سنوورى پارێزگاى هەولێر و چاودێریکردن و دابین کردنی خزمەتگوزاریی لە سەیرانگاکان و شوێنە گەشتیارییەکان و میوانخانە و چێشتخانەکان، ( 88 هەزار و 341 ) گەشتیار لە بازگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە.
ئهوهشی خستهروو: بۆ سەری ساڵی نوێ لە چەندین شوێنی هەولێری پایتەخت، شەوە ئاهەنگی خێزانی و فیستیڤاڵی تایبەت ڕێکخرابوون، لە بەردەم پارکی شانەدەر و پارکی پێشمەرگە و ژمارەیەکی شوێنی تر بە تایبەتی لە نێو سەنتەری شار، کە لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، گەورەترین فیستیڤاڵ و شەوە ئاهەنگ بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان لە شەوی 2025.12.20 تاوەکو شەوی 2026.1.1 سازکرابوو و ژمارەیەکی زۆری لە هاوڵاتییان و گەشتیاران شەوانە ئامادەی دەبوون، خۆشبەختانە بەبێ ڕوودانی هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو هەموو ئەو پلان و بەرنامەیی لە پێناویدا دارێژرابوو بە سەرکەوتوویی و بێ کێشە بەڕێوەچوون.

