رۆژی یەكشەممەی رابردوو، حكوومەتی كووبا رایگەیاند، 32 هاووڵاتیی كووبی لەو هێرشەی هێزەكانی ئەمریكا بۆسەر ڤەنزوێلا كوژراون كە بە دەستگیركردنی نیكۆلاس مادۆرۆی سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆتایی پێ هات.
حكوومەتی كووبا راگەیاندراوێكی بڵاو كردووەتەوە و تیایدا هاتووە “لە ئەنجامی ئەو هێرشە تاوانكارییەی ئەمریكا كردییە سەر كۆماری ڤەنزوێلای پۆلیفاریی برامان، 32 هاووڵاتیی كووبی گیانیان لەدەست داوە“
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، ئەو سەربازانەی كوژراون كە هەموویان ئەندامی هێزە چەكدارەكانی شۆڕشگێڕان یان وەزارەتی ناوخۆی كووبان، ئەركیان لە ڤەنزوێلادا هەبوو ”لەسەر داواكاریی دامەزراوەكانی هاوتاكەمان“ لە وڵاتەكەیان، بۆ ئەم مەبەستە دوو رۆژ پرسە و ماتەمینیی نیشتمانی راگەیاندووە.
لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە ”ئەو سەربازانە ئەركەكانیان بە شكۆمەندی و قارەمانانە بەجێ هێنا و دوای بەرگرییەكی سەخت لە شەڕ دژ بە هێرشبەرەكان، یان بەهۆی بۆردومانەكانەوە، گیانیان لەدەست دا.“
مێگێل دیاز كانێل، سەرۆكی كووبا، لە پێگەی لە (ئێكس) نووسیویەتی: ”شكۆمەندی و سەرفرازی بۆ جەنگاوەرە ئازاكانی كووبا كە لە كاتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان گیانیان لەدەست دا، ئەو تیرۆریستانەی بەرگی ئیمپریالیستییان كردووەتە بەر“
پێشتر ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ئەوەی پشتڕاست كردەوە، كە ”ژمارەیەكی زۆر لە كووبییەكان“ لە كاتی هێرشی سەربازیی ئەمریكا بۆ سەر كراكاس كوژراون.
كووبا و ڤەنزوێلا هەر لە كۆتاییەكانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو و سەردەمی گەیشتنی هۆگۆ چافێز بۆ دەسەڵات لە (1999-2013)، پەیوەندییەكی توندوتۆڵیان لەنێواندا هەبووە.
لە ساڵی 2002دا هەوڵێكی كودەتا بەسەر سەرۆكی ڤەنزوێلا وای لە كووبا كرد دەستوەردان لە كاروباری سەربازیی وڵاتەكەدا بكات بۆ سەقامگیركردنی دەسەڵات تیایدا.
ڤەنزوێلا سەرچاوەی سەرەكیی نەوتی كووبایە بەرامبەر بە هەندێ كاروباری دیكە، وەك ناردنی كادیری بواری پزیشكی بۆیان.
لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ گرنگیپێدانی ئەمریكای بە یەدەگی نەوتی ڤەنزوێلا نەشاردەوە و رایگەیاند كە ”كووباش لەسەر لێواری ڕووخانە“
ئەو دوورگەیە ماوەی پێنج ساڵە لە تەنگژەیەكی قووڵدا دەژی، دراوی بیانی و سووتەمەنی ئێكدار كەمە و بەردەوام تەزووی كارەبای لەسەر دەپچڕێ، ئەمەش بەهۆی ئەو سزایانەی ئەمریكا و خاڵی لاوازی هەیكەلی ئابووریی ناوەند و هەرەسهێنانی كەرتی گەشتوگوزار لە دوورگەكە.

