وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی بۆ هاووڵاتییانی بڵاوکردەوە و تێیدا ٢١ وڵاتی خستە نێو “لیستی سوور” کە گەشتکردن بۆیان مەترسیدارە.
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، حکومەتی ئەمریکا ئاستی چوارەمی (Level 4) بۆ رێنماییەکانی گەشتکردن دیاری کرد، کە بەرزترین ئاستی مەترسییە و بە واتای “بە هیچ جۆرێک گەشت مەکە” دێت.
هۆکارەکانی ئەم بڕیارە:
وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە دیاریکردنی ئەم ئاستە لەسەر بنەمای دوو خاڵی سەرەکییە:
١- خراپیی بارودۆخی ناوخۆیی: بوونی شەڕ، نائارامی، یان مەترسیی ئەمنی لەو وڵاتانەدا
٢- سنوورداریی توانای دیپلۆماسی: نەبوونی توانای پێویست بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتییانی ئەمریکی لە کاتی روودانی هەر کێشەیەک لەو ناوچانەدا
لیستی ئەو وڵاتانەی گەشتکردن بۆیان قەدەغەیە:
ئەو وڵاتانەی لە ئاستی چوارەمی مەترسیدان بریتین لە:
لە ناوچەکە: عێراق، ئێران، سووریا، یەمەن، لوبنان، و لیبیا
لە ئاسیا و ئەوروپا: ئەفغانستان، رووسیا، ئۆکرانیا، بیلاڕووس، بۆرما(میانمار) و کۆریای باکوور
لە ئەفریقا: سۆماڵ، سوودان، سوودانی باشوور، مالی، نەیجەر، بورکینافاسۆ و کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست
لە ئەمریکای لاتین: ڤەنزوێلا و هائیتی
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە ئەم شوێنانە لە ڕادەبەدەر مەترسیدارن و داوا لە هاووڵاتییان کراوە بۆ هیچ مەبەستێک سەردانیان نەکەن.

