رۆژنامەنووسێک ئاماژە بەوە دەکات کە ڕۆژهەڵات، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەرفەتێکی باشی خەباتیان لەبەردەمە و دەتوانن ئاسانتر لە هەرێمی کوردستان دەستیان بە مافە ڕەواکانیان بگات، چونکە دەتوانن پشت بە هەولێر ببەستن و بیکەنە ناوەندی دیپلۆماسییەت و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتە زڵهێزەکان.
حازم جەعفەر ڕۆژنامەنووس لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەنووسێت: ئەوەتا مەزڵووم عەبدی، لەبری ئەوەی ڕێی وڵاتان ببڕێت، دێتە هەولێر. چونکە تێگەیشتووە لەوەی هەولێر ناوەندی بڕیارە و دەتوانێت تۆم باراک و هەر کەسێکی دیکەی بۆ بێنێت، کە کاریگەریی لەسەر سیاسەتی سووریا و قەزیەی کورد هەیە لەو وڵاتە.
ئەوەش دەخاتەروو: هەولە دیپلۆماسییەکانی هەولێر لەپێناو ڕۆژئاوای کوردستان، جێی خۆی دەگرێت و کورد داهاتوویەکی باشتری لەو وڵاتە دەست دەکەوێت، ئەگەر پەکەکە هەست بە بەرپرسیارەتی بکات و شتەکان تێک نەدات.
دەشنوسێت: لە تەواوی شۆڕشەکانی کوردستان، سەرکردەکان ناچاربوون بۆ هەنگاوی دیپلۆماسی و دروستکردنی ڕای گشتی لەسەر ئەو قەزیەی کورد هەیەتی، ڕوو بکەنە ڕووسیا، نەمسا، فەرەنسا و وڵاتەکانی دیکەی ئەوروپا.ئەوکات دەبوو بەنێو دونیایەک ئاستەنگدا بڕۆن و ژیانیان بکەوێتەوە مەترسییەوە، جاری واش هەبووە هەوڵی تیرۆرکردنیان دراوە و ڕزگاریان بووە. هەوڵی هەواڵگریی عێراق بۆ تیرۆرکردنی بارزانی لە ڤیەنا، نموونەیەکی ڕوونە.

