zagros news agency

وەزارەتی پەروەردەی سووریا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی زمانی کوردی بخاتە پرۆگرامی خوێندنەوە

 

محەممەد عەبدولڕەحمان تورکۆ، وەزیری پەروەردە و فێرکردنی سووریا، ڕایگەیاند، کە بەپێی فەرمانی نیشتمانیی ژمارە (13)ی ساڵی 2026، زمانی کوردی بە فەرمی دەخرێتە ناو پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانە حکوومییەکانی وڵاتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەنگاوە وەرچەرخانێکی مێژووییە بۆ بەهێزکردنی یەکێتیی نیشتمانی و ڕێزگرتن لە فرەچەشنیی پێکهاتەکان.

وەزیری پەروەردە لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە، ئەم بڕیارە دووپاتکردنەوەی شوناسی شارستانیی سووریایە کە لەسەر بنەمای پێکەوەژیان بنیات نراوە. گوتیشی: “پەسەندکردنی فێرکردنی زمانی کوردی هەنگاوێکی پێشکەوتووانەیە بۆ چەسپاندنی مافە کولتوورییەکانی هاووڵاتیانی کورد وەک بەشێکی دانەبڕاو لە نەتەوەی سووریا، ئەمەش پابەندبوونی دەوڵەت نیشان دەدات بە دابینکردنی مافی پەروەردەیی بۆ هەمووان بەبێ جیاکاری.”

وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاندووە، دەستبەجێ دەستیان کردووە بە ئامادەکردنی ڕێنماییە پێویستەکان بۆ ئەوەی فەرمانەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بڕیارە پڕۆسەی خوێندنەکە بەپێی ستانداردە ئەکادیمییەکان و پرەنسیپە پەروەردەییە نیشتمانییەکان بێت، بەجۆرێک کە هاوسەنگی لە نێوان زمانەکاندا بپارێزرێت.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە قوتابخانەکانی سووریا دەبنە شوێنی کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکان و وەک پردێکی لێکتێگەیشتن کار دەکەن بۆ قووڵکردنەوەی سەربەخۆیی نەتەوەیی، ئامانج لەم بڕیارە دروستکردنی نەوەیەکی نوێیە کە شانازی بە هەمەجۆریی کولتووری خۆیەوە بکات و لە هەمان کاتدا پابەندی یەکپارچەیی خاک و گەلی سووریا بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە میسر

یاسین

پرێمەرلیگ..مانیونایتد لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەئاسانی بردیەوە

یاسین

پارێزەر خەلیل خۆشناو : پارتی هەر بەلێنێكی دا جێبەجی دەكات

گوران