دوێنێ یەکشەممە، ١٨ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٦، دەسەڵاتە ئەمنییەکانی شاری (کوفره) لە باشووری لیبیا، زیاتر لە ٢٠٠ کۆچبەریان ئازاد کرد کە بۆ ماوەی دوو ساڵ لەناو زیندانێکی نهێنیدا دەستبەسەر کرابوون و لە بارودۆخێکی مرۆیی زۆر خراپدا دەژیان.
سەرچاوە ئەمنییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەو شارە ڕایانگەیاند: “دەزگا پەیوەندیدارەکان زیندانێکی نهێنییان لەژێر زەوی دا و لە قووڵایی نزیکەی ٣ مەتر دۆزیووەتەوە. زیندانەکە لەلایەن بازرگانکارێک بە مرۆڤی لیبییەوە بەڕێوە دەبرا و لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا ٢٢١ کۆچبەر ڕزگار کران کە ژمارەیەک ژن و منداڵیان تێدایە.”
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان كە (ئەلعەرەبیە) بڵاوی كردووەتەوە دەستبەسەرکراوەکان ماوەی دوو ساڵیان لە دۆخێکی مرۆیی شۆککەردا بەسەر بردووە. زیاتر لە ١٠ کەسیان کە باری تەندروستییان ناجێگیر بووە، گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەری بەپەلە، هاوکات لێکۆڵینەوەکان لەوبارەیەوە بەردەوامن.
لە لیبیا زیندانی نایاسایی سەر بە گرووپە چەکدارەکان و باندەکانی قاچاخچێتی زیادیان کردووە. ئەم باندەیان کۆچبەران دەڕفێنن و دوای ئەشکەنجەدان، داوای پارە لە کەسوکاریان دەکەن وەك سەرانە.
ئەم ڕووداوە تەنیا چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە دەسەڵاتداران تەرمی ٢١ کۆچبەری ئەفریقییان لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا لە کێڵگەیەکی شاری (ئەجدابیا) دۆزییەوە.
لێکۆڵینەوە دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا ئەو کۆچبەرانە بەهۆی تینوێتی و برسێتییەوە گیانیان لەدەستداوە یان لەلایەن باندەکانی قاچاخچێتییەوە کوژراون.
ئەم زنجیرە ڕووداوانە تیشک دەخەنە سەر مەترسییەکانی بازرگانیکردن بە کۆچبەرانی نایاسایی کە بە هیوای گەیشتن بە ئەوروپا ڕوو لە لیبیا دەکەن، بەڵام لەوێ ڕووبەڕووی توندوتیژی، چەوساندنەوە و ئەشکەنجەیەکی سیستماتیک دەبنەوە.

