ئەمڕۆ لە پەرلەمانی ئێران کۆبوونەوەیەک لە چوارچێوەی دوایین گوتاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئێران ڕێک خرا. محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاند ڕێبەری ئێران لە گوتارەکەیدا بە وردبینییەوە باسی لە ڕۆڵی ئاژاوەگێڕیی ئەمریکا کردووە و ئەرکی خەڵک و بەرپرسانی لەو بابەتەدا ڕوون کردووەتەوە.
قالیباف بەشێک لە خۆپێشاندەران بە “تیرۆریست و ئاژاوەگێڕ” ناو دەبات و دەڵێت: “دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، بە ڕاشکاوی فەرمانی کوشتنی لە ناوخۆی ئێران دەرکردووە و بە خۆپێشاندەرانی گوتووە شەقامەکان چۆڵ نەکەن؛ هاوکات هەواڵی ناڕاستی دەستبەسەرداگرتنی شاری مەشهەدی بڵاو کردووەتەوە”.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتیشی ئەم کردەوانەی ترەمپ لە هەموو دەسەڵاتێکی دادپەروەرانەی نێودەوڵەتیدا تاوانێکی ئاشکرایە. هەروەها سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانی ٨ و ٩ی ئەم مانگە، وێڕای ئاماژەدان بە کوژرانی هەزاران کەس، بە چالاکییەکی تیرۆریستیی هاوشێوەی داعش ناوی برد.
قالیباف پێی وایە ئاڵۆزییەکانی وڵاتەکەی ڕووداوێکی پلان بۆ داڕێژراوە (هاوشێوەی تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی “پەیجەر” لە لوبنان) و ئامانجیان لەم کارە بەلاڕێدابردنی خەڵک بووە، بۆ ئەوەی پشت لە وڵاتەکەیان بکەن و ئەمریکا و هاوپەیمانانی پەلاماری ئێران بدەن.

