zagros news agency

راوێژکاری سوودانی شەش رێکاری سەرەکی بۆ رێکخستنی بازاڕی زێڕ دیاری دەکات

 

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سوودانی شەش رێکاری سەرەکی بۆ رێکخستنی بازاڕی زێڕ دیاری کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە پڕۆژەی “شاری زێڕ” پڕۆژەیەکی ستراتیژییە بۆ پاراستنی یەکێک لە گەورەترین سامانە نیشتمانییەکان.

ساڵح راگەیاند: “بەرزبوونەوەی جیهانیی نرخی زێڕ نەبووەتە هۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەری لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا، بەڵکو یارمەتیدەر بووە لە گۆڕینی ئەرکی زێڕ لە ‘کاڵایەکی جوانکاری’یەوە بۆ ‘ئامرازێکی پاشەکەوت و پاراستنی بەها’.” جەختیشی کردەوە لەسەر “پێویستی پەیڕەوکردنی مۆرێکی نیشتمانیی یەکگرتوو و ناچارکردنی پشکنینی تەکنیکی سەردەمیانە بۆ پاراستنی پاشەکەوتی خێزانەکان.”

ئەو راوێژکارە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم گۆڕانکارییەی زێڕ، کۆنترۆڵی جۆری و چاودێری حکومەت دەکاتە پێویستییەکی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەپەلە، چونکە سامانی خێزانەکان دەپارێزێت و متمانە بە بازاڕ زیاد دەکات.

مەزهەر ساڵح گرنگترین رێکارە پێشنیازکراوەکانی بەمجۆره دەخاتەڕوو:

١- مۆری نیشتمانیی یەکگرتوو: پەیڕەوکردنی مۆرێکی فەرمی و ئیلزامی کە (عیار، لایەنی پشکێنەر و ساڵی مۆرکردن) لەخۆ بگرێت. ٢- پشکنینی مەیدانیی سەردەمیانە: بەکارهێنانی تەکنیکی (XRF) کە بەبێ زیانگەیاندن بە زێڕەکە، راستییەکەی دەردەخات. ٣- قەدەغەکردنی زێڕی بێ مۆر: مامەڵەکردن بەو زێڕانەی مۆری فەرمییان نییە قەدەغە بکرێت. ٤- رێکخستنی کارگه و هاوردەکردن: مۆڵەتدان بە کارگەکانی توانەوەی زێڕ و توندکردنەوەی پشکنینە سنوورییەکان. ٥- تۆماری نیشتمانی و پسوولە: دروستکردنی تۆمارێکی نیشتمانی بۆ بازرگانانی زێڕ و پەیڕەوکردنی پسوڵەی فەرمی یەکگرتوو. ٦-هۆشیارکردنەوەی بەکاربەر: دەستپێکردنی هەڵمەتی هۆشیاری بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بزانن چۆن مافەکانیان بپارێزن و سکاڵا تۆمار بکەن.

ساڵح لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: “تەواوکردنی پڕۆژەی (شاری زێڕ) لەڕووی دامەزراوەییەوە بووەتە پێویستییەکی حەتمی، چونکە وەک ناوەندێکی فەرمی بۆ پاراستنی ئەم سامانە نیشتمانییە گەورەیە و دابینکردنی بەرزترین پێوەرە یاسایی و پیشەییەکان کار دەکات.”

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە پارێزگاری بەسڕا دەکات

سەڵاح

ئەمریکا دەستەی تەحریرولشام لە لیستی تیرۆر دەردەکات

یاسین

ڕەوتی حیکمە ناوێکی نوێ بۆ کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرا دەکات

دڵشاد