دەسەڵاتدارانی میسر لە هەڵمەتێکی فراواندا دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر لە زێڕ و زیوی ساختەدا گرت کە کێشەکەی دەگاتە چەندین تۆن. بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی وەزارەتی تەموین و بازرگانی ناوخۆ، تیمەکانی چاودێری توانیویانە دەستبەسەر ٢ کیلۆگرام زێڕی ساختە و نزیکەی ٤ تۆن زیو و سەکەی زیوی نایاساییدا بگرن کە لەگەڵ کوالێتی و مەرجە پێویستەکاندا نەگونجاو بوون، هەروەها ٦ ئامێر کە بۆ ساختەکردنی مۆری فەرمی “فەرمانگەی مۆرکردنی زێڕ و کێش و پێوانە” بەکاردەهاتن، دەستیان بەسەردا گیراوە.
وەزارەتی تەموین ڕایگەیاندووە کە ئەم کارانە پێشێلکارییەکی مەترسیداری یاساکانی تایبەت بە چاودێری کانزا بەنرخەکان و یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی فێڵ و تەڵەکەیە، چونکە زیانی ڕاستەوخۆ بە مافی کڕیار و ئابووری نیشتمانی دەگەیەنن؛ بەو پێیەی ئەو پارچە زێڕ و زیوانە وەک کاڵای هاوردەکراوی دەرەوە نیشان دراون بۆ ئەوەی لە باج و ڕسوماتی دەوڵەت ڕابکەن.
هاوکات، لە پارێزگای ئەسکەندەرییە و لە ناوچەی (ئەووەڵ ڕەمل)، هێزە ئەمنییەکان لەناو ٤ کۆگادا توانیویانە دەستبەسەر ٣.٥ تۆن زیو و یەک کیلۆگرام زێڕی ساختەدا بگرن. لەم دۆسیەیەدا دوو تۆمەتبار دەستگیرکراون و ڕەوانەی داواکاری گشتی کراون بۆ لێکۆڵینەوە.
وەزارەت جەختی کردەوە کە هەڵمەتە کتوپڕەکانیان لە هەموو پارێزگاکان بەردەوام دەبێت و بە توندی ڕووبەڕووی هەر هەوڵێکی فێڵکردن و یاریی کردن بە بازاڕی کانزا بەنرخەکان دەبنەوە.

