بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمەریکا فشارێکی توند خستووەتە سەر سەرکرداەکانی عێراق و هەڕەشەی راگرتن و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی حکوومەتی عێراق بە داهاتە نەوتییەکانی دەکات، ئەگەر بێتوو گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران پۆستیان لە حکومەتی داهاتووی عێراقدا پێبدرێت.
لە راپۆرتەکەی رۆیتەرزدا هاتووە، دیپلۆماتکارانی ئەمریکا، بە سەرۆکایەتی “جۆشوا هاریس” کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا چەندین جار هۆشدارییان داوەتە بەرپرسە باڵاکانی عێراق بەوەی نابێت کەس و بەرپرسانی نزیک لە ئێران پۆستیان لە حکومەتی داهاتووی عێراق پێبدرێت.
هەروەها راپۆرتەکە باس لەوە دەکای ئەمەریکا نزیکەی ٥٨ پەرلەمانتاری عێراقی وەکو کەسانی سەر بە ئێران دەیانبینێت و ئەگەر ئەو کەسانە لە حکومەتی داهاتووی بەغدا پۆست وەرگرن، دەکرێت ببێتە هۆی ڕاگرتنی پەیوەندییە فەرمییەکان و گواستنەوە داراییەکان.
ئاژانسی رۆیتەرز، رایگەیاندوە ئەم هەنگاوەی ئیدارەی ترەمپ وەک بەشێک لە هەوڵێکی فراوانتری واشنتنە بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی تاران لە بەغدا، تەنانەت لە کاتێکدا عێراق لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەمەوە بەنێو بارودۆخێکی سیاسی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت.
رۆیتەرز ئاماژە بەوەکردووە ئەمریکا دژایەتی خۆی بۆ دەستنیشانکردنی “عەدنان فەیحان” وەک جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان دەربڕیووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەوان پێیانوایە فەیحان کەسایەتییەکی سەر بە میلیشیای عەسائیب ئەهل حەقە کە یەکێکە لەو هێزانەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت. بەرپرسانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن کە ئەو گرووپە چەکدارانەی پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە، سەروەری عێراق لاواز دەکەن و گرژییەکانی ناوچەکە زیاتر دەکەن.

