zagros news agency

عێراق لە بەردەم توندترین تاقیکردنەوەدایە

 

عەباس جبووری، سەرۆکی سەنتەری (الرفد) بۆ لێکۆڵینەوە سیاسی و ستراتیژییەکان، هۆشداری دەدات لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی بەشداریکردنی گرووپە چەکدارەکان لە حکوومەتی داهاتووی عێراق.

ئەم هۆشدارییەی جبووری لەکاتێکدایە کە ئەمه‌ریکا بە ڕوونی هەڕەشەی بڕین یان سنووردارکردنی داهاتە نەوتییەکانی عێراقی کردووە کە لە بانکەکانی ئەو وڵاتەدا دادەنرێن.

جبووری لە لێدوانێکدا بۆ (بەغداد ئەلیوم) ئاماژەی بەوە کردووە کە هەڕەشەکانی واشنتۆن تەنیا هەنگاوی سیمبولی نین، بەڵکوو فشارێکی ئابووریی توندن، چونکە سیستەمی دارایی عێراق بەتەواوی پشت بە ئەمریکا دەبەستێت بۆ گواستنەوەی پارەی نەوت. ئەمەش دەبێتە هۆی هەژانێکی کوشندە بۆ ئابووریی نیشتمانی و کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر مووچە، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، یەدەگی دراو و سەقامگیریی نرخی دینار.

بە بڕوای جبووری، ئەمه‌ریکا پرسی بەشداریی گرووپە چەکدارەکان لە حکوومەتدا وەک مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و پێشێلکردنی بنەماکانی حوکمڕانی دەبینێت. هەر هەنگاوێک وەک شەرعییەتدان بە چەکی دەرەوەی دەوڵەت لێکبدرێتەوە، واشنتۆن هان دەدات بۆ سزادانی دارایی عێراق، لەوانەش سڕکردنی جزدانە بانکییەکان و سەپاندنی گەمارۆی توند.

لەلایەکی دیکەوە، ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە هەڵوێستی توندی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە واشنتۆن دەستی بەسەر نەوتی ڤەنزوێلادا گرتووە و خستوویەتییە بازاڕەوە. بەمەش ئەمریکا ترسی لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت نەماوە و دەتوانێت وەک جێگرەوەیەک بۆ نەوتی عێراق بەکاری بهێنێت، ئەمەش دەستی واشنتۆنی واڵا کردووە بۆ دروستکردنی ئەوەی پێی دەگوترێت برسیکردنی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراقدا.

سەرۆکی سەنتەری ڕەفد جەخت دەکاتەوە کە چارەسەر لە ئاڵۆزکردنی دۆخەکەدا نییە، بەڵکوو پێویستە حکوومەتی داهاتوو بڕیاری سیاسیی سەربەخۆ بدات و چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت. دەبێت هێزە سیاسییەکان تێبگەن کە داهاتی نەوت %90ی بژێوی خەڵک پێکدەهێنێت و هەر یارییەک بەم دۆسییەیەوە، هاووڵاتیی سادە باجە قورسەکەی دەدات.

هەواڵی پەیوەندیدار

پێنج وڵات ئیدانەی پلانی ئیسرائیل دەکەن دەربارەی داگیرکردنی غەززە

سەڵاح

ئەمریکا ١٢ بەرپرسی دیکەی ئێرانی خستە لیستی سزاکانییەوە

سەڵاح

ڕۆژنامەی تلەگراف: هێرشی مووشەکیی ئێران گەورەترین سیستمی بەرگریی تێکشکاند

سەڵاح