پەرلەمانی فەرەنسا پرۆژەیاسایەکی پەسەند کرد کە بەهۆیەوە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ قەدەغە دەکرێت، سەرۆکی وڵاتەکەش جەخت لە جێبەجێکردنی یاساکە دەکاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2026، کۆمەڵەی نیشتمانیی فەرەنسا بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەیاسای قەدەغەکردنی سۆشیاڵ میدیای بۆ منداڵانی خوار 15 ساڵ پەسەند کرد، بەپێی ئاژانسی “ئەسۆشیەیتد پرێس”، یاساکە رێگری دەکات لە دەستگەیشتنی منداڵان بە پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام بۆ ئەوەی ببێتە یاسایەکی بەرکار، هێشتا پێویستی بە پەسەندکردنی ئەنجوومەنی پیران هەیە.
وردەکاریی یاساکە
لەم پرۆژەیاسایەدا، بە وردی ناوی ئەو پلاتفۆرمانە نەهاتووە کە قەدەغەکە دەیانگرێتەوە، بەڵام بە روونی ئاماژە بەوە کراوە کە ماڵپەڕە زانستی، پەروەردەیی و ئینسایکلۆپیدیاکان لەم بڕیارە بەدەرن، هەروەها ئەپڵیکەیشنەکانی نامەگۆڕینەوەی تایبەت (وەک ماسنجەر و وەتسئەپ و هاوشێوەکانیان) بەدەرن لەم قەدەغەکردنە.
لە رەشنووسی یەکەمدا رێگە بە منداڵان دەدرا بە رەزامەندیی دایک و باوک تۆڕەکان بەکاربهێنن، بەڵام لە دانیشتنەکەی ئەمرۆ سێشەممەدا، ئەم بڕگەیە لابرا و یاساکە توندتر کرا.
هەڵوێستی ماکرۆن
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کە فراکسیۆنەکەی پشتیوانی سەرەکیی یاساکە بوون، دوای دەرچوونی بڕیارەکە لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، “ئەم بڕیارە راسپاردەی زانایان و خواستی زۆرینەی گەلی فەرەنسایە”.
ماکرۆن بەڵێنی داوە کە یاساکە لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە 1ـی ئەیلوولی داهاتوو بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ پاراستنی منداڵان و گەنجان.
بەربەستە یاساییەکان
ئەمە یەکەم هەوڵی فەرەنسا نییە بۆ سنوردارکردنی سۆشیاڵ میدیا؛ پێشتریش هەوڵیدا تەمەنی 15 ساڵ وەک مەرج بۆ کردنەوەی هەژمار دابنێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ یاساکانی یەکێتی ئەوروپا شکستیهێنا، ئێستاش شارەزایان گومانیان هەیە لەوەی ئایا ئەم یاسا نوێیە لەگەڵ پێوەرەکانی یەکێتی ئەوروپا دەگونجێت، سەرەڕای ئەوەی پەرلەمانی ئەوروپا خۆیشی پشتیوانی لە دیاریکردنی تەمەنێکی دیاریکراو دەکات بۆ بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا.

