بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیی ڕووسیا بۆ سەر شەمەندەفەرێکی نەفەرهەڵگر لە دەڤەری خارکیڤی ئۆکراینا لانی کەم چوار کەس کوژران و چەندین کەسی دیکە بریندار بوون.
بە گوتەی بەرپرسانی ئۆکراینایی نزیکەی ٣٠٠ گەشتیار لە شەمەندەفەرەکەدا بوون. ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراینا هێرشەکەی بە “تیرۆر” وەسف کرد.
هەروەها لە هێرشێکی جیادا بۆ سەر شاری بەندەریی ئۆدێسا بەرکەوتنی چەندین مووشەک بە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون و خانووکان بووە هۆی کوژرانی سێ کەس و برینداربوونی لانی کەم ٢٥ کەس.
بەرپرسانی ئۆکراینایی هەواڵی قوربانییانیان لە ناوچەکانی دۆنێتسک و زاپۆریژیا و خێرسۆن ڕاگەیاند. هەروەها بەیانیی چوارشەممە ٨ی ڕێبەندان (٢٨ی ژانیوەر) ڕاپۆرت کرا دوو هاووڵاتیی دیکە لە ناوچەی کیێڤ بەهۆی هێرشەکانەوە گیانیان لەدەست دا.
ئەم ڕووداوانە تەنها بەشێک بوون لە شەپۆلی نوێی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکانی ئۆکراینا و لە ڕۆژانی ڕابردوودا توندییان بەخۆیەوە بینیوە.
هەواڵی داهاتوو

