پێشبینییهكانى کەشوهەوا ئاماژە بە چەندین شەپۆلی بارانبارین دەکەن لە ئەمڕۆوە تاوەکو 10 ڕۆژی داهاتوو، کە لە نێوان ناوچە جیاوازەکانی شار و پارێزگاکانی ههرێمی كوردستان و پارێزگاكانى عێراقدا جیاواز دەبن.
بەپێی پێشبینییهكانى دهستهى کەشوهەواى عێراق، بەشێک لە دهۆک، هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، مووسڵ و سەلاحەدین، لە ماوەی ئهمڕۆ هەینی تاوەبارانی ناوبەناو بەخۆیانەوە دەبینن کە ڕەنگە بهشێك له پارێزگاى ئەنباریش بگرێتەوە. لە کاتێکدا ئەم بارانە ئێوارەی ئەمڕۆ کۆتایی پێدێت، بەڵام لە بەشێک لە ناوچەکانی ههرێمی كوردستان، سەلاحەدین و دیالە بەردەوام دەبێت و ئەگەری هەیە تا ڕۆژی یەکشەممە سهرهتاى مانگى شوبات بخایەنێت.
لە ڕۆژی دووشەممەوە کە دەبێتە دووەم ڕۆژی مانگی شوبات، ههرێمی كوردستان و عێراق دهچنه ناو قۆناغێکی چالاکی کەشوهەواوە کە لە ماوەی یەک لەسەر سێی یەکەمی مانگی شوباتدا ناوچهكه دەگرێتەوە؛ ئەمەش بەهۆی بارودۆخی ناجێگیری کەشوهەوا و قووڵبوونەوەی سیستەمە بەرزە کاریگەرەکان کە زەمینە خۆش دەکەن بۆ چالاکییەکی بارانبارینی بەرفراوان. بەو پێیەی دە ڕۆژی یەکەمی مانگی داهاتوو بە ماوەیەکی پڕپیت (پڕباران) دادەنرێت لەگەڵ دووبارەبوونەوەی حاڵەتەکانی ناجێگیری کەشوهەوا لە ماوەی کورتدا.
لە کاتێکدا ئەگەری بارانبارین بە بڕی جیاواز لە زۆربەی شارەکانی ههرێمی كوردستان و عێراقدا دەبێت، بەڵام لە ناوچهكانى ههرێمی كوردستان ڕێژەکەی بە شێوەیەکی ڕێژەیی زیاتر دەبێت بەهۆی سروشتی ناوچەکان، لە بەرامبەردا له ناوچهكانى ڕۆژئاوا و باشوورى عێراق گوڕی بارانەکە کەم دەبێتەوە ، لەگەڵ مانەوەی ئەگەری بارانبارین بە شێوەی پچڕپچڕ لە ماوەی ئەو چالاکییە کەشوهەواییەدا.

