ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری دەستنیشان کرد.
بەپێی خشتەی کارەکان سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران ڕۆژی یەکشەممەی داهاتووی وەک وادەی گرێدانی پێنجەمین دانیشتنی پەرلەمان دیاری کردووە، کە تێیدا چەند پەرلەمانتارێک سوێندی دەستووری دەخۆن و پاشان پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوەدەچێت.
جێی ئاماژەیە، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بڕیاری دابوو دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دوابخات بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی (نیساب)، ئاماژەی بەوەش کردبوو کە ژمارەی ئامادەبووان تەنها 85 پەرلەمانتار بووە.
حەلبووسی ڕایگەیاندبوو کە داواکاری فەرمیی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پێگەیشتووە بۆ دواخستنی دانیشتنەکە، بە مەبەستی ڕەخساندنی کاتی زیاتر بۆ لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حزبەکە.
هەروەها ڕوونی کردەوە کە بڕیاری دواخستنەکە لەسەر بنەمای تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە بووە، سەرەڕای ئەو داواکارییانەی کە لەلایەن هەردوو حزبە کوردییە سەرەکییەکەوە پێشکەش کرابوون.

