zagros news agency

ئابووری ئیسرائیل لەژێر باری گرانی جەنگدا، تێچووی ڕۆژانە گەیشتووەتە 90 ملیۆن دۆلار

 

ئەو جەنگەی کابینەی بنیامین نەتانیاهۆ لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023وە دژی کەرتی غەزە دەستیپێکرد و دواتر بۆ چەند بەرەیەکی دیکەی وەک کەرتی ڕۆژئاوا و لوبنان فراوان بوو، تێچوویەکی ئابووری یەکجار قورسی بۆ ئەو ڕژێمە هەبووە. بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی فەرمی سوپای ئیسرائیل، هەموو ڕۆژێکی ئەم جەنگە نزیکەی 280 ملیۆن شێکڵ، واتە نزیکەی 90 ملیۆن دۆلار لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە دەکەوێت. ئەم بڕە پارە زەبەللاحە تێچووی ئۆپەراسیۆنە زەمینی، ئاسمانی و دەریاییەکان، چالاککردنی هێزە یەدەگەکان، بەکارهێنانی تەقەمەنی و چەک، چالاکییە هەواڵگرییەکان و نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە لە کاتی جەنگدا زیانیان بەرکەوتووە.

 

ئامارە فەرمییەکانی سوپا ئاماژە بەوە دەکەن کە تێچووی ئەمنی جەنگ دوای تێپەڕبوونی 27 مانگ بەسەر دەستپێکردنیدا، گەیشتووەتە نزیکەی 222 ملیۆن شێکڵ، کە دەکاتە نزیکەی 71 ملیار دۆلار. بەڵام ڕۆژنامەی “ها ئارتس”ی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ئامارێکی زۆر بەرزتر بڵاودەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە تێچووی ڕاستەقینەی جەنگ گەیشتووەتە 350 ملیار شێکڵ، واتە نزیکەی 113 ملیار دۆلار، کە ئەمەش بە بڕی 42 ملیار دۆلار لە ئامارە فەرمییەکەی سوپا زیاترە. ئەو ڕۆژنامەیە ناتوانایی نەتانیاهۆ و فەرماندە سەربازییەکان لە بەڕێوەبردنی دروستی سەرچاوە داراییەکان بە هۆکاری ئەم تێچووە خەیاڵییە دەزانێت، کە هاووڵاتیانی ئیسرائیل بە باجێکی قورس و تێچووی بەرزی بژێوی و کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییە تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکان دەیدەنەوە.

 

نەتانیاهۆ لەبری پەنابردن بۆ دیپلۆماسی، بودجەی سەربازی بۆ ساڵی 2026 بە بڕی 36 ملیار دۆلار دیاریکردووە، کە ئەمەش مەترسی ئەوەی لێدەکرێت لە 10 ساڵی داهاتوودا تێچووەکە بگاتە 194 ملیار دۆلار. سەرەڕای فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، نەتانیاهۆ تەنها بژاردەی سەربازی لە مێشکدایە و تەنانەت لەژێر فشاری توندیشدا ئامادە نییە باس لە قۆناغی دوای جەنگ بکات. سەرچاوەی دابینکردنی ئەم بودجە زیادەیەش زۆربەی لە ڕێگەی بڕینی بودجەی گەشەپێدانی ناوچە عەرەبییەکان، کەمکردنەوەی بودجەی وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستی و زیادکردنی باجەکان دەبێت.

 

زیانە ئابوورییەکان تەنها لە خەرجییە سەربازییەکاندا کورت نابنەوە؛ ناوچەکانی باکوور لە نزیک سنووری لوبنان بە تەواوی وێران بوون و پیشەسازی گەشتیاری لەو ناوچانە هەرەسی هێناوە. هێشتا 63 هەزار ئاوارەی ناوچە سنوورییەکان نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. کەرتی بیناسازی بەهۆی نەبوونی کرێکاری فەڵەستینی و بیانی تووشی پەککەوتن بووە و دیاردەی کۆچی پێچەوانەی پسپۆڕان و نەوەی گەنج بۆ دەرەوەی وڵات زیادی کردووە. ئەم زیانە ناڕاستەوخۆیانە لە ئامارەکانی سوپا و میدیاکاندا هەژمار نەکراون، کە نیشان دەدەن قەیرانی ئابووری ئیسرائیل زۆر قووڵترە لەوەی تەنها بە ژمارەی چەک و تەقەمەنییەکان بخەمڵێنرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

بەفر بەشێک لە رۆژهەڵاتی کوردستانی سپی‌پۆش کرد

یاسین

نرخی ئەمڕۆی زێڕ و دراوەكان

سەڵاح

لە سەرەتای ساڵەوە ١٣٢ منداڵ لە سووریا کوژراون

یاسین