دوایین داتاکانی یەدەگی فەرمیی زێڕ لە جیهان بۆ مانگی شوباتی ٢٠٢٦ دەری دەخەن کە عێراق بڕی یەدەگی زێڕی خۆی بۆ زیاتر لە ١٧٤ تۆن زیاد کردووە، ئەمەش وای کردووە لە ڕیزبەندییەکەدا سەرکەوێت بۆ پلەی ٢٨ـەمی جیهانی دوای ئەوەی پێشتر لە پلەی ٢٩ـەمدا بوو.
بەپێی زانیارییەکان، یەدەگی زێڕی عێراق گەیشتووەتە ١٧٤.٦ تۆن، کە بەراورد بە مانگی پێشوو (١٧٠.٩ تۆن) زیادی کردووە. ئەم بڕە %٢٤.٦ی کۆی گشتیی یەدەگی دراوی بیانیی وڵات پێکدەهێنێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ زیادبوونی پشتپەبەستن بەم کانزا گرانبەهایە وەک ئامرازێکی پاراستن و پاڵپشتی بۆ سەقامگیریی نەختینەیی.
ڕیزبەندی جیهانی و عەرەبی:
- ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا: لە پلەی یەکەمدایە بە ٨١٣٣ تۆن.
- ئەڵمانیا: پلەی دووەم بە ٣٣٥٠ تۆن.
- ئیتاڵیا: پلەی سێیەم بە ٢٤٥١ تۆن.
- فەرەنسا: پلەی چوارەم بە ٢٤٣٧ تۆن.
- ڕووسیا: پلەی پێنجەم بە ٢٣٢٦ تۆن.
لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش، عەرەبستانی سعوودی بە ٣٢٣ تۆن لە پلەی یەکەمدایە، بەدوایدا لوبنان بە ٢٨٦ تۆن دێت، و عێراق پلەی سێیەمی عەرەبی گرتووە بە ١٧٤.٦ تۆن.

