zagros news agency

نوری مالیکی: ناکــشـــێــــمـــەوە

 

نوری مالیکی، سەرۆکی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا، ئەمڕۆ دووشەممە جەختی کردەوە کە لە خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق ناکشێتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە نامە ئەمریکییەکان پەیوەندییان بە دەوڵەتی عێراقەوە هەیە نەک شەخسی مالیکی.

مالیکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی (فرانس پرێس) ڕایگەیاند: “نامە ئەمریکییەکان تایبەتن بە دەوڵەتی عێراق و پەیوەندییان بە مالیکییەوە نییە”، ئاماژەی بەوەش کرد کە “لە خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق ناکشێمەوە”.

وتیشی: “دەمانەوێت چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت و لەژێر چەترێکی ناوەندیدا بێت، سوپایەکمان دەوێت لەژێر یەک فەرماندەییدا بێت و فەرمان لە دەوڵەت وەربگرێت، هەروەها دژی قاچاخچێتی نەوت و دۆلارین لە عێراقەوە”، ئاماژەی بەوەش کرد “بڕوامان بە پێویستیی کرانەوەی عێراق بەڕووی وڵاتە زلهێزەکانی جیهاندا هەیە”.

مالیکی جەختی لە “پابەندبوون بە ڕێزگرتن لەو دەوڵەتەی لێیەوە هاتووە و سەروەری و ئیرادەکەی” کردەوە و ڕوونی کردەوە کە “چوارچێوەی هەماهەنگی دامەزراوەیەکی زۆر گرنگە بۆ دۆخی نیشتمانی بە گشتی”.

باسی لەوەش کرد کە “هێزە ئەمریکییەکان بەوپەڕی هێمنی و بە ڕێکارە ڕێزگیراوەکان لە عێراق چوونە دەرەوە”، ڕوونیشی کردەوە کە “پەیوەندی لەگەڵ لایەنی ئەمریکی بۆ بوژانەوەی عێراق پێویستە”، هەروەها وتی: “پەیوەندی لەگەڵ ئێران و وڵاتانی جیهان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەشە، ئێمە دەستبەرداری پەیوەندی لەگەڵ ئێران نابین چونکە وڵاتێکە 1300 کیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵیدا هەیە و بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە”.

ئاماژەی بەوەش کرد: “قبوڵ ناکەم هیچ وڵاتێکی دنیا دەستوەردان لە سەروەریی عێراقدا بکات”، هەروەها وتی: “ڕێگە نادەم عێراق ببێتە پاشکۆ و لە دەرەوە بەڕێوە ببرێت”.

ڕوونیشی کردەوە کە “واشنتن دەیەوێت حکومەتی داهاتووی عێراق بێ نوێنەری گروپە چەکدارەکان بێت”، ئاماژەی بەوەش کرد کە “حکومەتی نوێ مەدەنی دەبێت نەک سەربازی”.

دووپاتیشی کردەوە: “هەرکەسێک بیەوێت بەشداری لە حکومەتی داهاتوودا بکات، دەبێت چەک دابنێت”، ڕاشیگەیاند: “هەندێک لە گروپەکان ئامادەیی خۆیان بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان دەربڕیوە، چونکە نایانەوێت عێراق ڕووبەڕووی مەترسی ببێتەوە”.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆ وتی: “سیاسەتمان وایە کە ڕێگری لە بەکارهێنانی تائیفیەت (مەزهەبگەرایی) لە نێوان پێکهاتەکانی گەلی عێراقدا دەکەین”، ئاماژەی بەوەش کرد کە “بەدوای لێکتێگەیشتندا دەگەڕێین لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا”.

مالیکی جەختی کردەوە کە “عێراق مەترسی نییە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و بەشێکە لە پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی ناوچەکە”، ئاماژەی بەوەش کرد: “ڕێگەمان نەداوە و نادەین هیچ لایەنێک دەستدرێژی بکاتە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتان یان بەرژەوەندییە فەرمییەکانیان لە عێراق”.

لە کۆتاییدا وتی: “دۆخی ئابووری عێراق سەختە و پێویستی بە چارەسەری ڕیشەیی و بوژانەوەی ئابووری هەیە”، جەختیشی لەسەر “کارکردن بۆ گرنگیدانی چڕ بە گەشەپێدانی ئابووری عێراق و دابینکردنی خزمەتگوزارییە تەواوەکان بۆ گەلی عێراق” کردەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە بە کۆی دەنگ دەنگ لەسەر پڕۆژەی هەرێم دەدات

سەڵاح

گواردیۆلا هۆشداری دەداتە تیپەکەی

یاسین

کەشناسی : پلەکانی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە

یاسین