محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی بە “تۆم باراک” نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریای ڕاگەیاند، کە سەرکردایەتییە عێراقییەکان بەردەوامن لە لەپێشینەکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “محەمەد شیاع سودانی پێشوازی لە تۆم باراک کرد؛ لە دیدارەکەدا باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بارودۆخی گشتی و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و گرنگیی دوورخستنەوەی عێراق لە لێکەوتەکانی کرا.”
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: “باراک تێڕوانینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و دیدگای ئەوی بۆ بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و ڕۆڵی سەرەکیی عێراق لە بونیادنانی سەقامگیری و بەهێزکردنی گەشەپێدانی هەرێمی گەیاندە سودانی.”
سودانی بەپێی بەیاننامەکە ئاماژەی بەوە کردووە: “سەرکردایەتییە نیشتمانییەکانی عێراق بەردەوامن لە لەپێشینەکردنی بەرژەوەندیی نیشتمانی و خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق و ئەو بەرژەوەندییە ستراتیژییە باڵایانەی کە عێراقییەکان گەورەترین قوربانییان بۆ داوە.” هەروەها جەختی کردەوە کە “سەروەری عێراق و سەقامگیرییەکەی لە بوارە جیاجیاکاندا، تەنیا ڕەهەندێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو کۆڵەکەی سەرەکین بۆ هاوسەنگیی ناوچەکە.”
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە “لە دیدارەکەدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە و گرنگیی پەنابردن بۆ گفتوگۆ و کەناڵە دیپلۆماسییەکان و وازهێنان لە گرژییەکان، جگە لە گرنگیی گەشەپێدانی ئابووری وەک ڕێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و چەسپاندنی سەقامگیریی بەردەوام لە ناوچەکەدا.”

