نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ئەمڕۆ لە میانی دیدارێکیدا لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، جەختی لە پێویستیی ڕێزگرتن لە سەروەریی عێراق و بژاردەکانی گەلەکەی کردەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، پێشوازی لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا کرد، و تێیدا پەرەسەندنەکانی دۆخی سیاسیی عێراق و شایستە نیشتمانییەکانی داهاتوو تاوتوێ کران.”
بەگوێرەی بەیاننامەکە، مالیکی جەختی لە “گرنگیی پشتگیریکردنی ڕێڕەوی دیموکراسی و بەهێزکردنی سەقامگیریی سیاسی” کردووەتەوە، و جەختیشی لەسەر “پێویستیی ڕێزگرتن لە سەروەریی عێراق و بژاردەکانی گەلەکەی” کردووە، هەروەها ئاماژەی بە “بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا لەو دۆسیانەی کە جێی بایەخی هاوبەشن” کردووە.
لای خۆشیەوە، باراک ئاماژەی بە “گرنگیی ئەو ڕۆڵە کرد کە عێراق دەیگێڕێت لە پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە، کەمکردنەوەی ئاستی ململانێکان، پشتگیریکردنی گفتوگۆ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.”

