ئەمڕۆ 3ی ئاداری 2026 سی و هەشتەمین ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆ بە ناونیشانی ” كاریگەری یەكبوونی كورد لەناو گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا” لە هۆڵی بەشی رۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوە چوو.
بۆ ئەم گفتوگۆیە ڕاپۆرتێكی مەیدانی لە تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان ئامادەكرابوو تیایدا كۆمەڵێك دەستەبژێر بیربۆچوونی خۆیان لەسەر كاریگەری یەكبوونی كورد لەناو ئەم وەرخانە ترسناكەی رۆژهەڵاتی ناوەراست خستبووە ڕوو ، دوای ئەوەی ئەم ڕاپۆرتە لەسەر سكرین نمایشكرا، ئەم بەرێزانە” باپیر كامەلا ، موسا ئەحمەد، هاژە سلێمان، زیاء پەترۆس، ڕەسوڵ ڕەئوف ، د.هیوا مەجید ، نیهاد ئیلخانی، د.نایف كوردستانی ، هەریەك لە ” شیخ مورشید خەزنەوی ، فوئاد ئۆنن بە سكایب”، هەروەها ئەندامانی بازنەی بازنەی گفتوگۆ – شڤان حەمدی، پ.د.نەزاكەت حسێن، د.جەلال ئەحمەد ، فەرهاد محەمەد” زۆر بەراشكاوی گفتوگۆیان لەسەر ئەم پرسە كرد.
خاڵی هاوبەشی ئامادەبووانی گفتوگۆكە سەبارەت بە یەكبوونی كورد لەم باردۆخەی ێستای رۆژهەڵاتی ناوەراستدا پێویستیەكی میژووییە و بە تایبەتی كە لەدوای ڕووداوەكانی ئەم دواییە رۆژئاوا هەر چوارپارچەی كوردستان و كوردانی تاراوگەی پێكەوە كۆكردەوەو ، گەیشتە ئەو ئاستەی هەموو بەیەكدەنگ هاواریان دەكرد” یەكە یەكە یەكە ، كورد هەمووی یەكە” ، لەم چوارچێوەیە زۆر بە بەرزی باس لە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی كرا كە وەك مەرجەعی هەر چوار پارچەی كوردستان توانی لەو ساتە وەختە ئاڵۆزەدا هەوڵەكانی خۆی بخاتە گەڕ و بەلۆژیكی خۆی توانی رۆژئاوای كوردستان لە شەڕێكی گەورە و لەمەش ترسناكتر لەشەڕی نێوان كورد و عەرەب دووربخاتەوە.
لایەنێكی دیكەی گرنگ كە تێكڕای ئامادەبووانی ئەم گفتوگۆیە جەختیان لەسەر كردەوە ، پرسی پاراستنی هەرێمی كوردستان بوو وەك قەوارەیەكی سیاسیی بۆ هەر چوارپارچەی كوردستان كە ئێستا بوونی هەیە، بۆ ئەمەش پێشنیاری ئەوە خرایە ڕوو كە دەبێت پارتی دیموكراتی كوردستان وەك پارتی سەرەكی لە هەرێمی كوردستان دەستپێشخەری بكات بۆ ئەوەی ئەنجوومەنێكی سیاسیی دابمەزرێنت و هەموو حزبە سیاسییە كوردستانیەكان بە جیاوازی ئایدۆلۆژی و نەتەوەوە لە ژێر ئەو چەترەدا پێكەوە كۆبكاتەوە.
جێگەی ئاماژە پێكردنە پوختەی ئەم گفتوگۆیە لەرۆژی 9ی ئاداری 2026 لە گۆڤاری گوڵان بڵاودەكرێتەوە.

