دوای ئەوەی حکوومەتی ئوسترالیا ئامادە نەبوو خێزانە ئوسترالییەکانی سەر بە داعش وەربگرێتەوە، ئەو ١١ خێزانە جارێکی تر بۆ کەمپی ڕۆژ لە ڕۆژاوای کوردستان گەڕانەوە.
بەپێی گوتەی بەڕێوەبەری کەمپەکە، ئەو خێزانانە لە بارودۆخێکی خراپدا دەژین، بەتایبەت دوای ئەوەی حکوومەتی وڵاتەکەیان ڕایگەیاند کە نایانگەڕێنێتەوە و هاوکارییان ناکات. ئەو خێزانانە پێشتر بە هیوای گەڕانەوە بۆ ئوسترالیا و شادبوونەوە بە کەسوکاریان کەمپەکەیان جێ هێشتبوو، بەڵام بێئومێد بوون و گەڕانەوە.
حەکیمە ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کەمپەکە، ڕایگەیاند کە ژمارەی ئەو کەسانە ٣٤ کەس بووە و بە خۆشییەوە ڕۆیشتبوون، بەڵام دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا ڕایگەیاند کە بە هیچ شێوەیەک هاوکارییان ناکات، بە دڵشکاوی و لە ڕەوشێکی زەحمەتدا گەڕانەوە. هاوکات جەمیلە عەبدوڵا، یەکێک لەو ژنانە، ئاماژەی بەوە کرد کە لە بارودۆخێکی نەخۆشدان و تەنیا دەیانەوێت بگەڕێنەوە ناو خێزانەکانیان. جەمیلە عەبدوڵا لەتیف گوتی: “دەمەوێت بگەڕێمەوە ڕووسیا، ١٠ ساڵە چاوەڕێی بینینەوەی دایک و باوک و خێزانەکەم دەکەم.” کەمپی ڕۆژ کە لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدایە، زیاتر لە ٧٤٠ خێزانی داعش کە ٢ هەزار کەس لە ٤٠ تا ٥٠ وڵاتی جیاواز لەخۆ دەگرێت، تێیدا نیشتەجێن و زۆربەیان ژن و منداڵن.

