zagros news agency

بەرپرسێكی باڵای ئۆپۆزسیۆنی توركیا دەستگیر كرا

 

بەتۆمەتی ئەوەی دەسەڵاتەكانی خۆی لە زۆر بواردا وەكوو سەرۆكی شارەوانیی بەخراپی بەكارهێناوە، بۆیە ئۆزجان سەرەتا دەستگیر كرا و پاشان بەبڕیاری وەزارەتی ناوەخۆی توركیا لە پۆستەكەی دوور خراوەتەوە.

ئۆزجان لە هەژماری خۆی لە (X) بڵاوی كردووەتەوە، هەموو ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵی رەتكردووەتەوە و دەڵێت عەدالەتی توركیا تا ئێرەیە و دەبێت بزانن هەرگیز ناترسم.

ئۆزخان لەسەر لیستی جەهەپە وەكوو سەرۆكی شارەوانیی بۆلوو دەستبەكار بوو و لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤ لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرا، بۆیە چەندین پەرلەمانتاری سەر بەو پارتە، ئیدانەی دەستگیركردنی دەكەن و دەڵێن ئەمە هەڵكوتانە سەر ئیرادەی گەلە.

بورهانەدین بولوت، جێگری سەرۆكی جەهەپە، لەبارەی دەستگیركردنی ئۆزجانەوە دەڵێت: ”بڕیارێكی ساختەیە و سیاسییە نەك یاسایی، دادوەرەكان هەموو رۆژێك پاشەكشە دەكەن لە ویژدانی خۆیان و دادگا بریندار دەكەن.”

مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی شارەوانیی ئەنكەرا، ئیدانەی دەستگیركردنی ئۆزجان دەكات و دەڵێت، ئێمە لەسەرەتاوە بەیەكەوە بنەماكان دەپارێزین، ئەوەی بەرامبەر بە ئۆزجان دەكرێت بەڕوونی پێشێلی یاسایە و مایەی قبوڵكردن نییە.

ئۆزجان، بەتۆمەتی ئەوەی لەرێگەی وەقفی تایبەت بە شارەوانیی بۆلووەوە هاوكاری ٥٢٨ قوتابی كردووە دەستگیر كراوە، چونكە وەكوو ئەوەی وەزارەتی ناوەخۆ باسی دەكات گەندەڵی لە هاوكارییەكاندا كردووە.

ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، لە وتارێكدا لەبەردەم دەزگای پۆلیسی بۆلوو گوتی: ”ئۆزجان پارەی بەسەر منداڵی هەژاردا دابەش كردووە، ئەی دادوەر، فەرموو تۆش پێنج منداڵ ببە بەر خوێندن، تۆ ناتوانیت لە شكۆی سەرۆكی شارەوانییەكەمان بدەیت، كە ٥٢٨ منداڵی بردووەتە بەر خوێندن و هاوكاری كردوون، ئەوەی ئۆزجان كردوویەتی شتێك نییە مایەی شەرمەزاری بێت، ئەوەی كردوویەتی مایەی ئەوەیە دەستخۆشی لێ بكرێت.”

تانژوو ئۆزجان، یەكێك بووە لەو كەسایەتیانەی زۆرجار بەخراپی باس لە مافی كورد كردووە، تەنانەت ساڵی پار لەبارەی ئاڵای كوردستانەوە، لە پۆستێكدا لە (X) بەخراپی باسی كرد و وەكوو پارچە پەڕۆیەك ناوی هێنا.

باكوورییەكان حەز بە سیاسەتی تانژوو ناكەن، بەردەوام رەخنەی لێدەگرن و وەكوو كەسێكی رەگەزپەرست ناوی دەبەن، بۆیە دەم پارتی تاوەكوو ئێستا هیچ لێدوانێكی لەبارەی دەستگیركردنی تانژووەوە نەداوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

کێشە دەکەوێتە نێوان ڕیاڵ مەدرید و ڤینـیسیۆس

یاسین

ئەمریکا: پڕۆژەی ئاشتیی غەزە چووە قۆناغی دووەمەوە

سەڵاح

ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ سه‌ردانی راگیراوانی رووداوه‌كانی خه‌بات و لاجانیان كرد

سەڵاح