zagros news agency

سەرۆکایەتی کۆمار: هێرشەکان بۆ سەر پێشمەرگە پێشێلکارییەکی زەقە بۆ سەروەری وڵات

 

سەرۆکایەتی کۆمار، ئەمڕۆ جەختی کردەوە کە هێرشەکان بۆ سەر حەشدی شەعبی و پێشمەرگە، پێشێلکارییەکی زەقە بۆ سەر سەروەری وڵات و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیرییەکەی.
سەرۆکایەتی کۆمار لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردووەتەوە: “خەم و پەژارەی قووڵی خۆمان دەردەبڕین بۆ شەهیدبوونی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی ئەنبار لە حەشدی شەعبی و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی لە پارێزگای ئەنبار، بەهۆی ئەو هێرشە تاوانکارییانەی کە فەرماندەیی حەشدی شەعبی لە ئەنبار و نووسینگەی حەشدی لە مووسڵ و هێرشە بەردەوامەکانی تریان لە پارێزگاکانی دیکە کردە ئامانج.”
له بەیاننامەکەدا هاتووه: سەرۆکایەتی کۆمار پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان دەکات و قوربانییەکانیان لە پێناو بەرگری لە نیشتمان بە بەرز دەنرخێنێت.
* ئیدانەکردنی هێرشەکان: ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هێرشانە بە هەموو پێوەرە یاسایی و مرۆییەکان شەرمەزارکراون و پێویستی بە هەڵوێستێکی نیشتمانیی یەکگرتوو هەیە بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان.
راشیگەیاندووە: داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکات ڕیزەکانیان یەکبخەن و بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی بخەنە پێش هەموو شتێک بۆ پاراستنی عێراق لە خلیسکان بەرەو ناو جەنگ و ململانێکان.
سەرۆکایەتی کۆمار بە توندی ئیدانەی ئەو بۆردومانەی کرد کە هێزەکانی پێشمەرگەی کردە ئامانج و بووە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک شەڕڤان و برینداربوونی چەندین کەسی دیکە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە:
“هێزەکانی پێشمەرگە بوون و هەمیشە وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی لە سیستەمی بەرگری نیشتمانی دەمێننەوە و بە شێوەیەکی کاریگەر بەشدارییان کردووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چەسپاندنی ئاسایش.”
لە کۆتاییدا، سەرۆکایەتی کۆمار جەختی لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە سەروەری عێراق و ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان کردەوە، و داوای بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان هەموو هێزە نیشتمانییەکانی کرد بۆ پاراستنی خوێنی ڕۆڵەکانی وڵات.

هەواڵی پەیوەندیدار

عەبدولخالق تەڵعەت له‌رێگای زاگرۆسه‌وه‌ هۆكاری پێنه‌دانی سیسته‌می به‌رگری به‌كوردستان ئاشكرا ده‌كات

یاسین

ئەمڕۆ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت

سەڵاح

لوبنان ڕێگە لە فڕۆکەی‌ گەشتیاریی ئێران دەگرێت

سەڵاح