تۆڕی هەواڵی (CNN) لە ڕاپۆرتێکدا، پشتبەستن بە سێ سەرچاوی ئاگادار لە زانیارییە هەواڵگرییەکان بڵاویکردەوە، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، هەواڵگریی ئەمریکا مەزندە دەکات هێشتا نزیکەی نیوەی سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی بالیستی ئێران بە سەلامەتی ماونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، جیاوازییەک لە نێوان هەڵسەنگاندنەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا هەیە؛ ئیسرائیل لە مانگی ئاداردا ڕایگەیاندبوو، نزیکەی %60ـی سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی ئێرانی تێکشکاندووە یان لەکاری خستوون، کە کۆی گشتییان بە 470 سەکۆ دەخەمڵێنرێت. بەڵام هەواڵگریی ئەمریکا پێیوایە بەشێک لەو سەکۆیانەی ئیسرائیل بە تێکشکاو هەژماری کردوون، تەنیا لەژێر داروپەردووی هێرشە ئاسمانییەکاندا گیریان خواردووە و لە ئێستادا دەستیان پێ ناگات، نەک ئەوەی بە تەواوی لەناو چووبن.
لە وردەکاریی هەڵسەنگاندنەکاندا هاتووە، ئیسرائیل پێیوایە 200 سەکۆی هەڵدان بە تەواوی وێران بوون و 80 سەکۆی دیکەش دوای ئەوەی هێرش کراوەتە سەر دەروازەی تونێلە ژێرزەمینییەکان، لەکار کەوتوون، لە بەرامبەردا، ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات کە پێناسەی “سەکۆی تێکشکاو” لە لای ئەوان و ئیسرائیل جیاوازە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، هەواڵگریی ئەمریکا هۆشداری دەدات کە ئێران هێشتا خاوەنی هەزاران درۆنی هێرشبەرە کە ئامادەی بەکارهێنانن، هەروەها “ڕێژەیەکی زۆر” لە مووشەکەکانی کڕوزی بەرگریی کەناراوەکانی لەدەستدا ماوە، کە ئەمەش مەترسییەکی بەردەوامە بۆ سەر هێڵەکانی گواستنەوەی دەریایی لە تەنگەی هورمز.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا ئیسرائیلی وەک “لایەنێکی هاوکار” لە پرسی ئێراندا وەسف کرد و ڕایگەیاند، “کاتێک من بوەستم، ئیسرائیلیش لە هێرشەکانی دەوەستێت.”

