دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاند، 4 فەرمانبەری لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکان و فەرمانگەی جێبەجێکردن لە بەغدا دەستگیرکردووە، بەهۆی ئەوەی بەرتیلیان لە هاووڵاتییان وەرگرتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەرپرسی هۆبەی زێدەڕۆییەکان لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیرکرا، کە داوای پارەی کردبوو لە بەرامبەر لانەبردنی زیادەڕۆیی لەسەر زەویی دەوڵەت.
هەروەها دوو فەرمانبەر لە ناوچەی سەدر لە بەغدا دەستگیرکران کە بەرتیلیان لە خاوەن نانەواخانەیەک وەرگرتبوو، لە بەرامبەر لابردنی کۆنکرێتی بەردەم نانەواخانەکەی.
ڕاشیگەیاند، فەرمانبەرێک دەستگیرکرا کاتێک داوای پارەی نایاسایی کردبوو بۆ ئەنجامدانی کەشفی چۆڵکردنی موڵکێک.
بەپێی بڕیاری دادوەر، هەموو تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان بەپێی بڕیاری (160 ساڵی 1983) ڕاگیراون بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی.

