ئهمڕۆ شەممە لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، دانوستانەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ دانانی سنوورێک بۆ جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێکرد.
بەرپرسانی حکومەتی پاکستان وەک میوانداری ئەم گفتوگۆ چارەنووسسازانە، گەشبینی خۆیان نیشان دەدەن و جەخت دەکەنەوە کە ئەوان، بە پێچەوانەی زۆرێکی تر، متمانەی هەردوولایان هەیە.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ جارید کۆشنەر، زاوای دۆناڵد ترامپ و ڕاوێژکاری تایبەتی، و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت، گەیشتنە ئیسلام ئاباد بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ئێران.
لەلایەکی ترەوە، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کە سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەی دەکات و بەم دواییانە وەک یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی حکومەت دەرکەوتووە، لەگەڵ عەباس عراقچی وەزیری دەرەوە، نیوەشەوی پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان گەیشتنە شوێنەکە.
جێگری سەرۆکی ئەمریکاش گەشبین دیار بوو و پێش بەجێهێشتنی ئەمریکا ڕایگەیاند: “ئەگەر ئێرانییەکان ئامادە بن بە نیازپاکی دانوستان بکەن، ئێمە بێگومان ئامادەین دەستی یارمەتی درێژ بکەین.” بەڵام هۆشدارییەکیشی دا و وتی: “ئەگەر هەوڵ بدەن یاریمان پێ بکەن، ئەوا دەبینن تیمی دانوستانکار ئەوەندە نەرم نابێت.”
ئاشکرایە کە زنجیرەیەکی درێژ لە ئاستەنگ لەبەردەمیاندایە. لێرەدا پێنج خاڵە سەرەکییەکەی ناکۆکی دەخەینە ڕوو:
١. لوبنان
هەڵمەتی بەردەوامی ئیسرائیل دژی حیزبوڵای لوبنان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، هەڕەشەی تێکدانی گفتوگۆکان دەکات پێش دەستپێکردنیان. مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە هەژماری خۆی لە “ئێکس” نووسیویەتی: “بەردەوامی ئەم کارانە دانوستانەکان بێسوود دەکات، پەنجەمان هێشتا لەسەر پەلەپیتکەیە.”
بنیامین ناتانیاهۆ دەڵێت هیچ “ئاگربەستێک” لەگەڵ حیزبوڵا نییە، بەڵام دۆناڵد ترامپ دەڵێت جووڵەکانی ئیسرائیل لە لوبنان “هێورتر” دەبنەوە و بڕیارە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان لەم هەفتەیەدا لە واشنتۆن بەڕێوەبچێت.
٢. گەرووی هورمز
گەرووی هورمز کە بۆ جووڵەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان حیاتییە، یەکێکی ترە لە کێشەکان. ترامپ دەڵێت ئێران لە ڕێگەدان بە تێپەڕبوونی کەشتییەکان “کارێکی زۆر خراپ دەکات”. ئێران کۆنترۆڵی ئەم ڕێڕەوەی کردووە و دەیەوێت بیکا بە بەشێک لە ئاوە هەرێمییەکانی خۆی و یاسای نوێی بۆ دابنێت. تەنانەت دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئێران بڕی ٢ ملیۆن دۆلاری وەک سەرانە لە هەندێک کەشتی وەرگرتووە، کە ترامپ هۆشداری داوە لەو کارە.
٣. دۆسیەی ئەتۆمی
ئەمە گەورەترین و کۆنترین خاڵی ناکۆکییە. ترامپ دەڵێت پڕۆسەی “تووڕەیی داستانی” (Epic Fury) بۆ ئەوە دەستپێکردووە تا دڵنیابێتەوە ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ئێران دەڵێت تەنها بۆ مەبەستی مەدەنی یۆرانیۆم دەپیتێنێت، بەڵام ئەمریکا داوا دەکات ئێران کۆتایی بە هەموو پڕۆسەکانی پیتاندن لەسەر خاکەکەی بهێنێت.
٤. هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا
تۆڕی هاوپەیمانەکانی ئێران (حیزبوڵا، حوسییەکان، حەماس و گروپە چەکدارەکانی عێراق) کە بە “میحوەرى خۆڕاگرى” دەناسرێن، هێزێکی زۆریان بە تاران بەخشیوە. ئیسرائیل ئەم میحوەرە بە هەڕەشەیەکی بوونگەرایی دەبینێت و دەیەوێت لەناوی ببات. هەرچەندە باری ئابووری ئێران خراپە و خەڵکی ئێران دەیانەوێت پارە بۆ ژیانی ئەوان خەرج بکرێت نەک بۆ دەرەوە، بەڵام هێشتا هیچ ئاماژەیەک نییە کە ئێران دەستبەرداری هاوپەیمانەکانی بێت.
٥. سووککردنی سزاکان
کۆماری ئیسلامی چەندین دەیەیە لەژێر سزای تونددایە. قالیباف داوای کردووە پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان، بڕی ١٢٠ ملیار دۆلاری داراییە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد بکرێت. بەڵام زۆر دوورە کە ئیدارەی ترامپ پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان ئامادەبێت دەستبەرداری امتیازێکی ئاوا گەورە ببێت.
بی بی سی

