zagros news agency

بەهۆی نەمانی زیارەتکارانی ئێرانییەوە 80%ی هۆتێلەکانی نەجەف داخراون

 

شەڕ و گرژییەكانی ناوچەكە، تەم و تارمایی قورسیان بەسەر جووڵەی زیارەتکاران و بازاڕە ناوخۆییەکانی عێراقدا کێشاوە، تەنانەت قەیرانەکە گەیشتووەتە شارە ئایینیەکانی مەزهەبی شیعە، بە جۆرێک دەیان هۆتێل و شوێنی بازرگانی داخراون و هەزاران کرێکار و فەرمانبەر کارەکانیان لەدەست داوە.

 

سائیب ئەبوو غەنیم، سەرۆکی کۆمەڵەی هۆتێلەکانی نەجەف، بە ئاژانسی (شەفەق نیوز)ی ڕاگەیاندووە: “ژمارەی هۆتێلەکان لە نەجەف نزیکەی 250 هۆتێلە، زیاتر لە 80%یان داخراون، ئەمەش بووەتە هۆی ناردنەوەی کرێکار و فەرمانبەران، لە کاتێکدا هەندێک هۆتێل هێشتا کراوەن بەهۆی مانەوەی ژمارەیەکی کەم لە بیانی و عێراقییەکان تێیاندا.”

 

ئەبوو غەنیم جەختیشی کردووەتەوە: “کەرتی گەشتیاری، زیانی گەورەی بەرکەوتووە کە بە ملیۆنان دۆلار دەقەبڵێندرێت، جگە لە بەردەوامیی سەپاندنی باجی ئاو، ئاوەڕۆ، کارەبا و دەستەبەری کۆمەڵایەتی.”

 

لەلایەکی دیکەوە، حەیدەر حەنوون، ئەندامی کۆمەڵەی هۆتێلەکانی کەربەلا دەڵێت: “گەشتیاریی ئایینی لە پارێزگاکە زیانی گەورەی کردووە، بەو پێیەی شاری کەربەلا زیاتر لە هەزار هۆتێلی بە کوالێتیی جیاواز تێدایە و زۆربەیان داخراون بەهۆی وەستانی هاتنی زیارەتکاران لە دەرەوەی عێراق، بەتایبەت زیارەتکارە ئێرانییەکان کە زۆرینەی هاتوان پێکدەهێنن.”

 

ناوبراو، قەبارەی زیانە داراییەکانی هەر هۆتێلێکی بە 20 هەزار تا 100 هەزار دۆلار لە مانگێکدا قەبڵاند.

 

هاوکات ئیسرا نەسراوی، سەرۆکی لیژنەی گەشتیاری و شوێنەوار لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەربەلا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئاژانسی( شەفەق نیوز)ی ڕایگەیاندووە:” کە لێکەوتەکانی ململانێکان تەنیا هۆتێلەکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکوو کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار، چێشتخانە و بازاڕەکانیشی گرتووەتەوە، کە پێشووتر بازاڕەکان بەهۆی گەشتیارانی دەرەوەی عێراقەوە گەشەیان کردبوو.”

 

شیاوی باسە، ستبوونی جوڵەی شارە ئاینییەکان و داخرانی دەرگای هۆتێلەکان لە نەجەف و کەربەلا، تەنها وەستانی جووڵەی گەشتیاری نییە، بەڵکوو هاواری کەرتی ئابووریی زیارەتە کە لە ژێر سێبەری شەڕدا خەریکە دوایین هەناسەکانی دەدات.

هەواڵی پەیوەندیدار

وەشانی OneUI7 بۆ زینجیرە مۆبایلەکانی Samsung دوا دەکەوێت

یاسین

چاوەڕێ دەکرێت لەمڕۆوە بەفربارین لە باکووری تورکیا دەستپێبکات

سەڵاح

سوودانی لەگەڵ فراكسیۆنە عەرەبییە سوننەكانی كەركووك كۆ دەبێتەوە

سەڵاح